بەرەی نوسرە جیابوونەوەی لەقاعیدە راگەیاند

بەرەی نوسرە جیابوونەوەی لەقاعیدە راگەیاند
ئەبو محەمەد جۆلانی، رابەری بەرەی نوسرە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە جیابوونەوەی گروپەكەی لەرێكخراوی قاعیدە راگەیاند‌و ناوی رێكخراوە نوێیەكەشی ئاشكراكرد.

جۆلانی لەوتارێكی راستەوخۆدا كە لەڕێی تەلەڤزیۆنی ئۆرێنت-ەوە پەخشكرا ئاشكرایكرد، لەمەودوا هەوڵدەدەن لەگەڵ گروپەكانی تر لەسوریا یەكبگرن‌و وتی، ناوی بەرەی نوسرە دەگۆڕن بۆ "بەرەی فەتحی شام".

هەورەها جەختی لەوەشكرد كە رێكخراوە نوێیەكەیان هیچ پەیوەندییەكی دەرەكی نییە.

رابەری بەرەی فەتحی شام ئەوەی روونكردەوە كە ئامانج لەو هەنگاوەیان "بۆ بەرژوەندی گشتی و پێویستی پارێزگاریكردن لە جیهادی شام و سوككردنی باری سەرشانی ئەهلی شام و نەهێشتنی بیانووە نێودەوڵەتییەكانە بۆ هێرشكردنە سەر شوێنە مەدەنییەكان بەبیانووی بەئامانجكردنی بەرەی نوسرە".

ئەوەش دوای ئەوەدێت، ئەیمەن زەواهیری سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە ئەمڕۆ داوای لەبەرەی نوسرە كرد، پەیوەندیە رێكخستنییەكانی لەگەڵ رێكخراوەكەدا ببڕێت، ئەگەر بۆ پاراستنی یەكگرتووی خۆیی‌و بەردەوامی شەڕەكانی لەسوریا پێویست بوو.

زەواهیری لەتۆمارێكی دەنگیدا بۆ بەرەی نوسرە (باڵی قاعیدە لەسوریا) دەڵێت "پەیوەندی برایەتی ئیسلام لەنێوانماندا لەپەیوەندی رێكخستنی كاتی گۆڕاو بەهێزترە، یەكێتی‌و یەكگرتوویی ئێوە لەپەیوەندی رێكخستنی گرنگتر‌و پیرۆزترە".

ئەو داوایەی سەرۆكی قاعیدە‌و جیابوونەوەی بەرەی نوسرە لەو رێكخراوە، هاوكاتە لەگەڵ دانوستانەكانی ئەمریكا‌و روسیا بۆ رێگاچارەی كێشەكانی سوریا، لەنێویاندا پۆلێنكردن‌و هەڵسەنگاندنەوەی ئەو گروپە چەكدارانەی، لەچەند ساڵی رابردوو دروستبوون‌و بەشێكیان لەئێستادا لەلیستی تیرۆردان.

بەرەی نوسرە، لەلیستی تیرۆری ئەمریكادایە‌و چەندین ناوچەی لەسوریا كۆنترۆڵكردووە، بەتایبەت لەپارێزگای ئیدلب.

بڕیارە مانگی داهاتوو، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا‌و جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ ستیڤان دیمستورا نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سوریا لەجنێڤ كۆببنەوە بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا، بەئامانجی راگەیاندنی ئاگربەست‌و جارێكیتر دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی ئاشتی، لەنێوان حكومەتی سوریا بەسەرۆكایەتی بەشار ئەسەد‌و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەو وڵاتە.
Top