ئۆباما: هیلاری‌ كلینتۆن لە هەموو کەس باشترە بۆ بوونە سەرۆکی ئەمریکا

ئۆباما: هیلاری‌ كلینتۆن لە هەموو کەس باشترە بۆ بوونە سەرۆکی ئەمریکا
باراك ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پشتیوانی‌ خۆی‌ بۆ هیلاری‌ كلینتۆن كاندیدی‌ دیموكراته‌كان ده‌ربڕی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌، هاوكات به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆ هێرشیكرده‌ سه‌ر دۆناڵد تره‌مپ كاندیدی‌ كۆمارییه‌كان.

ئۆباما، بۆ پشتیوانیی هیلاری کلینتۆن کاندیدی فەرمیی پارتی دیموکراتەکان لە کۆنگرەی نیشتمانیی پارتەکەدا بەشداریی کرد و وتارێکی خوێندەوەو رایگه‌یاند، هیلاری کلینتۆن لە هەموو کەس شیاوترە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا و پشتیوانیی خۆی بۆ ناوبراو دوپاتکردەوە.

ئۆباما، سەرەتای وتارەکەی بەوە دەستپێکرد کە 12 ساڵ لەمەوبەر، بۆ یەکەمجار بەشداریی لە کۆنگرەی پارتی دیموکراتەکانی وڵاتەکەیدا کردووە و بەوتەی خۆی لەو کاتەدا پڕبووە لە هیوا و متمانە بۆ داهاتووی ئەمریکا، ئێستاش کە سەرەڕای ئەوەی رووداوی زۆر لە ماوەی ئەم ساڵانەدا روویانداوە و وڵاتەکە بە شەڕ، قەیرانی ئابوری و جۆرەکانی دیکەی تەحەدی تاقیکراوەتەوە " لەبەردەمتاندا دەوەستم، دوای تێپەڕینی نزیکەی دوو خول وەک سەرۆکتان، پێتان دەڵێم کە تەنانەت لە ئێستادا گەشبین-ترم سەبارەت بە داهاتووی ئەمریکا".

ئۆباما دوای ئەوەی وەسفی ئەزمون و کارەکانی رابردووی هیلاری کلینتۆنی وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکای لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا (2009-2013) کرد و وتی "هیچ شتێک بە ڕاستی بۆ داواکارییەکانی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئامادەت ناکات. دەتوانیت لەسەری‌ بخوێنیتەوە یاخود لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەیت. تاکو نەچیتە سەر ئەو مێزە، نازانیت بەڕێوەبردنی قەیرانی جیهانی بە چ شێوەیەکە، یاخود رەوانەکردنی گەنج بۆ شەڕ بە چ شێوەیەکە. بەڵام هیلاری لەو ئۆفیسەدا بووە، بەشێک بووە لەو بڕیارانە. دەزانێت چی لە مێخی ئەو بڕیارانەدا هەیە کە حکومەتەکەمان بۆ خێزانە کرێکارەکان، هاوڵاتیان، خاوەنی بازرگانییە بچوکەکان، سەرباز و ئەزموندارەکانمان دەیدات".





خەندان
Top