ترەمپ هیواخوازە ڕوسیا بتوانێت 30 هەزار ئیمەیڵی وونبووی هیلاری هاكبكات
ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، تاكە كاندیدی پارتی كۆمارییەكانی ئەمریكا بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ویلایەتی فلۆریدا لەكاتێكدا ڕاستەوخۆ تەماشای كامێراكانی دەكرد، ڕایگەیاند "ڕوسیا، ئەگەر ئێوە گوێدەگرن، من هیوادارم ئێوە بتوانن ئەو 30 هەزار ئیمەیڵە وونبووەی هیلاری هاك بكەن، و من باوەڕم وایە ڕەنگە ئێوە بەشێوەیەكی مەزن لەلایەن سەرۆكی ئێمەوە خەڵات بكرێن."
وتەكانی ترەمپ ئاماژەیەكن بۆ لێكۆڵینەوەكانی وەزارەتی دەرەوە و دەزگای لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا سەبارەت بە كەیسی بەكارهێنانی ئیمەیڵی تایبەتی لە لایەن هیلاری كلینتۆن لەو كاتەی وەزیری پێشووتری ئەمریكا بوو، كە دواجار لێكۆڵینەوەكان داخران و ئاشكراكرا بەكارهێنانی ئیمەیڵی تایبەت پێچەوانەی یاساكانی ئەمریكایە چونكە ئیمەیڵەكان زانیاری نهێنی لەخۆگرتووە و مەترسی ئەوەی لێكراوە هاكبكرێن و زانیارییەكان بگەنە دەست كەسان و وڵاتانی بێگانە.
دوابەدوای قسەكانی ترەمپ كامپینی هیلاری كلینتۆن، تاكە كاندیدی پارتی دیموكراتەكانی ئەمریكا ترەمپی تۆمەتبار كرد بەوەی هانی هاكەرانی ڕوسیا دەدات لەدژی ئەمریكا و دەستوەربداتە سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریكاوە.
لەوبارەوە جەیك سولیڤان، ڕاوێژكاری هیلاری بۆ سیاسەتی دەرەكی ڕایگەیاند "ئەمە یەكەمین جارە كە كاندیدێكی سەرۆكایەتی پارتێكی سەرەكی ئەمریكا بەشێوەیەكی چالاك هانی هێزێكی دەرەكی دەدات كە هێرشی سیخوڕی بكاتەسەر ڕكابەرە سیاسییەكەی، و ئەمە لەبابەتێكی حەزی دەستێوەردان لە كاروباری كەسانی دیكەوە بۆتە بابەتێكی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی."
وتەكانی ترەمپ هاوكاتە لەگەڵ تۆمەتەكانی بەرپرسانی ئەمریكا لەدژی ڕوسیا بەوەی هەوڵدەدات لەڕێگای هێرشی ئەلیكترۆنییەوە لەبەرژەوەندی ترەمپ كاریگەریی بكاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا.
باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا لەدیدارێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنیNBC Newsی وڵاتەكەیدا رایگەیاند، رەنگە ڕوسیا هەوڵبدات كاریگەریی بخاتەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمریكا، ئەوەش دوای ئەوەی چەند ئیمەیڵێكی ئابڕوبەری كۆمیتەی نیشتیمانی پارتی دیموكراتەكان بۆ سایتی وكیلیكس دزەی پێكراو پسپۆڕان ئەو دزەپێكردنەیان، گەڕاندەوە بۆ هاككەرە روسییەكان.
بەڵام ئەمڕۆ وتەبێژی فەرمی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا (كرملین)، هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتدەكردەوە كە وڵاتەكەی ئیمەیڵەكانی پارتی دیموكراتەكانی ئەمریكای هاك كردبێت، تۆمەتەكانیش بە"چیرۆكی ترسناك" وەسفكرد.
دمیتری پێسكۆڤ، وتەبێژی فەرمی كرێملین ئەمڕۆ چوارشەممە لەكۆنفرانسێكی تەلەفۆنیدا كە ژمارەیەك رۆژنامەنووس تێیدا بەشداربوون، رایگەیاند "مۆسكۆ لەهەوڵدایە خۆی بەدووربگرێت لەهەر وشەیەك كە رەنگە وەكو دەستێوەردانی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لەپرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمریكادا لێكبدرێتەوە".
وتیشی لەهەموو پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی ئەمریكادا كارتی روسیا لەلایەن سیاسەتمەدارە ئەمریكییەكانەوە وەكو كارتی بردنەوە لەگەمەی خۆیاندا بەكاردەهێنرێت.
