بەشار ئەسەد: لێبووردنی گشتی بۆ تیرۆریستان هەیە

 بەشار ئەسەد: لێبووردنی گشتی بۆ تیرۆریستان هەیە
بەشار ئەسەد رایدەگەیێنێت، لێبووردنی گشتیی بۆ "تیرۆریستان" هەر لە سەرەتای شەڕی سووریاوە هەبووە و ئێستاش هەیە.

بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنێكی یۆنانی لەبارەی لێبووردنی گشتی وەڵامی چەند پرسیارێكی داوەتەوە.

لەبارەی ئەوەی ئەگەر شەڕی سووریا بە سەركەوتنی ئەو بەسەر نەیارەكانیدا كۆتایی بێت، ئامادەیە لێبووردنی گشتیی دەربكات، ئەسەد دەڵێت "ئەو شەڕە لەبارەی سەركەوتنی من نییە، بەڵكو گرنگترین شت سەركەوتنی گەلی سووریایە، لەبەرئەوەی ئەو شەڕەی هەیە دژی خەڵكی سووریا بەڕێوەدەچێت".

بەشار ئەسەد دەشڵێت "لەبارەی لێبووردن، لەسەرەتای شەڕی تیرۆیستان دژی سووریا بەكرداریی ئەوە كاری پێكراوە. ئێمە ئەوەمان وەك بژاردەیەك خستووەتە بەردەم تیرۆریستەكان".

سەرۆكی سووریا، كە ماوەی پێنج ساڵە تەواوە شەڕ لە وڵاتەكەی بەردەوامە و تاوەكو ئێستاش ئامادەنەبووە دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت، راشیگەیاندووە "ئەگەر ئەوان بیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی و چەك دابنێن، ئەوا لێبووردن دەیانگرێتەوە. ئێمە ماوەی سێ‌ ساڵەوە ئەو كارە دەكەین. لێگەڕێن با وڵات بەسەر ئەم قەیرانەدا سەربكەوێت، ئەوا لێبووردن هەموو ئەوانە دەگرێتە بەهۆكاری جیاواز شەڕیان دژی حكومەت كردووە، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان، بۆ ژیانی سیاسی و دروستكردنی رێكخراو و لایەنی سیاسی و بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان".

لە بەهاری 2011 دوای چەندین خۆپیشاندان لە شارەكانی سووریا، شەڕی ناوخۆ لەنێوان چەندین گرووپێكی ئۆپۆزیسیۆن و سوپای سووریا دەستیپێكرد و تاوەكو ئێستاش بەگوێری راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لە 250 هەزار كەس لەو وڵاتە كوژراون و سەتان هەزاری دیكەش برینداربوون، جگە لەوەش ملیۆنان سووری ئاوارەی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەكەیان بوون.
Top