ئه‌ڵمانیا دوای هێرشه‌كان رێوشوێنی ئه‌منی تووندی گرتووەتەبەر

 ئه‌ڵمانیا دوای هێرشه‌كان رێوشوێنی ئه‌منی تووندی گرتووەتەبەر
لەدوای هێرشه خۆكوژییەكەی شاری ئانسباخ و دوو هێرشەكەی دیكەی هەرێمی باڤاریا، وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگریی ئەڵمانیا رێوشوێنی ئەمنی تووند دەگرنەبەر.

دیته‌ر شیورمان، سه‌رۆكی پۆلیسی بنبڕكردنی تاوان له‌ هه‌رێمی نۆردراین ڤێستڤالن دەڵێت "ئه‌ڵمانیا بووەته‌ ئامانجی تێرۆری نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام ئاماده‌باشیمان بۆ كردووه‌ و پۆلیس ده‌مێكه‌ خۆی ئاماده‌كردووه‌".

شیورمان رێوشوێنە ئەمنییەكان رووندەكاتەوە و دەڵێت "یه‌كه‌م شت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كارمه‌ندی هێزی تایبه‌تی دژه‌ تێرۆرمان زیادكردووه‌. له‌ هه‌مانكاتدا پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كانمان بۆ نوێكردوونه‌ته‌وه و راهێنانی تایبه‌تمان پێكردوو‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌كاتی رووداوی لەو شێوەیەدا به‌باشی كۆنترۆڵی دۆخه‌كه‌بكه‌ن و خه‌ڵك بپارێزن. داواشمان كردووه‌ له‌ مه‌ودوا پۆلیسی زۆر له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاند بڵابكرێته‌وه‌ و بۆ مه‌راسیمه‌كانیش رێوشوێنی تووندتر بگیرێتەبه‌ر".

پارتی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌ڵمانیا داوا ده‌كات به‌زووترین كات گۆڕانكاری له‌ هه‌ندێك یاسای ئه‌ڵمانیا بكرێت، وەك رێگرتن له‌ فرۆشتنی چه‌ك له‌ بازاڕی ره‌شدا، كۆنترۆڵكردنی كڕین و فرۆشتنی چه‌ك لەڕێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه‌، قه‌ده‌خكردنی هه‌نێك یاری كۆمپیوته‌ری و رێگەدان به‌ سوپا بۆ هاوكاریكردن له‌كاتی هێرشه‌ چەكدارییەكاندا.


رووداو-
Top