توركیا و رووسیا بەردەوامن لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان
پێش کۆبوونەوە دوو قۆڵيیەکەی نێوانیان، وەزیری ئابووری تورکیا رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیان گێڕانەوەی پەیوەندیە ئابوورییەکانیانە بۆ دۆخی پێش تێکچوونی نێوان هەردوو وڵات.
نیهاد زێیبەکچی، وەزیری ئابووری تورکیا دەڵێت "پێش 24-11-2015 (رۆژی خستنەخوارەوەی فڕۆكە رووسییەكە لەلایەن توركیاوە) پەیوەندییەکانی نێوانمان گەیشتبوونە ئاستێکی بەرز. ئەمڕۆش پێش هەموو شتێک پێویستە تێبگەین کە گرنگترین ئەو پرس و کێشانەی نێوانمان کامانەن کە دەبێت چارەسەریان بکەین، بۆ ئەوەی تاوەكو ئەو کاتەی سەرۆکەکانمان یەکدی دەبینن و کۆدەبنەوە، بتوانین ئاستی پەیوەندییەکانی نێوانمان وەک پێشووتر لێبکەینەوە".
دوای کۆبوونەوەیەکی دوو کاژێری، وەزیری ئابووری رووسیا رایگەیاند "بەخێرایی ناتوانرێت هەموو پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و رووسیا وەک جارانی لێبکرێتەوە". بەڵام جەختیكردەوە، هەوڵی چڕوپڕ بۆ ئەو مەبەستە لە ئارادایە.
ئەلێکسێی ئولیوکاێڤ، وەزیری ئابووری رووسیا رایگەیاند "ئێمە کۆمەڵێک بابەتمان تاووتوێکرد، لەوانە بوژاندنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی مادە پیشەسازیە خۆراکییەکان. هەروەها پەرەپێدانەوەی کەرتی گەشتیاریی نێوانمان و دروستکردنی هاریکاری لەبواری گۆڕینەوەی زانیاری لەنێوانماندا، بەتایبەت لەسەر سنوورەکان و کردنەوەی چەند خاڵێکی گومرگ. بەڵام ئەگەر سەیری وادەی کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک بکەین، كارێکی ئاڵۆز و کاتێکی کەممان لەبەردەستدایە".
بڕیارە لە 6ی مانگی داهاتوو، جارێکی دیکە هەردوو وەزیرانی ئابووری تورکیا و رووسیا بۆ تاووتوێکردنی ئەنجامی ئەو کارانەی بڕیاریانداوە، كۆببنەوە.
