ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵامی نیگه‌رانییه‌كانی بارزانی ده‌داته‌وه
جۆن كێربی، له باره‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، رایگه‌یاند: چەندین جار ستایشی قوربانیدانی پێشمەرگەیان کردووە دووپاتیشیكرده‌وه، پێشمەرگە بەشداریی ئۆپەڕاسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ دەکات.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، هێزی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌مه‌ریكا جێگه‌ی بایه‌خه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ھەوڵەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بەرز دەنرخێنن.
له باره‌ی سه‌ردانیكردنی دیپلۆماتكارانی وڵاته‌كه‌ی بۆ كوردستان، رایگه‌یاند، هەر کاتێك برێت مەکگۆرك، نوێنه‌ری تایبه‌تی باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، سەردانی عێراقی کردبێت، سەردانی هەولێریشی کردووە.
كۆنفرانسی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، رۆژی 20ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2016، له واشنتۆنی پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكا، به به‌شداری نوێنه‌رانی زیاتر له 46 وڵات ده‌ستیپێكرد و له سه‌ره‌تاشدا نوێنه‌ری كورد له كۆنگره‌كه بانگهێشت نه‌كرا، كه دواتر ده‌ركه‌وت له‌سه‌ر داوای وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بووه.
به‌هۆی بانگهێشت نه‌كردنی نوێنه‌رانی كورد بۆ كۆنفرانسه‌كه، مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له تویته‌ر، گوتی: "جێگه‌ی گاڵته‌جاڕییه نوێنه‌ری كورد بانگهێشتی كۆنفرانسه‌كه نه‌كراوه، له‌كاتێكدا پێشمه‌رگه هێزی سه‌ره‌كی شه‌ڕی دژی داعشه".
دوای ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی، له میدیاكانی جیهان، رێكخه‌رانی كۆنفرانسه‌كه، به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمیان له ئه‌مه‌ریكا، وه‌ك نوێنه‌ری كورد بانگهێشتی كۆنفرانسه‌كه كرد.
ئه‌مڕۆش 25ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2016، مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له په‌یامێكدا رایگه‌یاند، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، رێگری له به‌شداریكردنی نوێنه‌ری كورد له كۆنفرانسه‌كه كردووه.
له به‌شێكی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمدا هاتبوو: "بەداخەوە لایەنی میوانداری كۆنفڕانسەكەش خواستی وەزیری جێبەجێ كرد. ئەو نموونە و زۆر نموونەی دیکە دەردەخات كە ماف و قوربانیدانی گەلی كوردستان دەكرێ زۆر بە ئاسانی پشتگوێ بخرێ و مامەڵەی نابەجێی لەگەڵدا بكرێت و بە بڕیار و میزاجی خەڵكی دیکە ببەسترێتەوە".
مه‌سعوود بارزانی، له په‌یامه‌كه‌یدا، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی، وتی: "ئێستا لەبەردەم دوو ڕێگەداین، یان ئەو واقعە قبوڵ بكەین كە خەڵكی دیکە هەركات ویستیان كێشەمان بۆ دروست بكات و بڕیار لە چارەنووسمان بدات و بە پاشكۆیی بمێنینەوە، یان بەیەكەوە بڕیارێكی هاوبەش بدەین و بەرەو سەروەری و سەربەخۆیی هەنگاو بنێن".
خۆر
