زۆرینەی دیموكراتەكان دژی ناردنی هێزی سەربازین بۆ دەرەوەی وڵات

زۆرینەی دیموكراتەكان دژی ناردنی هێزی سەربازین بۆ دەرەوەی وڵات
كۆنگرەی نەتەوەيی دیموكراتەكان بۆ دیاریكردنی کاندیدی پارتەکەیان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریكا بەردەوامە و بڕیارە تاوەكو رۆژی 28ی ئەم مانگە بەردەوام بێت.

ئەگەر هیلاری کلینتن لە هەڵبژاردنەکانیشدا سەرکەوتوو بێت، ئەوا تاوەکو ساڵی 2017 ناتوانێت دەسەڵات بگرێتەدەست، كە ئەو کاتە ئەگەرێکی زۆر هەیە، داعش زۆر بێ هێز بێت و قۆناخی دوای داعش دەستپێبکات.

پرسیار ئەوەیە ئایا دیموكراتەكان ئامادەن پشتگیری لەوە بکەن کە لەدوای شەڕی داعش ئەمریکا هێزی سەربازی بەردەوامی لە باشووری کوردستان و عێراق هەبێت؟ رووداو ئەو پرسیارەی لە ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرەکە کرد.

لڤان برەیس، ئەندام کۆنگرە دیموکراتەوەکان گوتی "بەداخەوە ئێمە ناتوانین کۆنترۆڵی هەموو ئەو رووداوانە بکەین کە لە جیهاندا روودەدەن. ئێمە هەوڵمانداوە و هەوڵیش دەدەین کێشەی تیرۆر چارەسەر بکەین".

زۆربەی ئەندامانی کۆنگرەکە لە دژی ئەوەن ئەمریکا هێزی سەربازیی درێژخایەنی لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت.

سوزەن مەکمانەس، شرۆڤەکاری سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکا دەڵێت "وەکو شرۆڤەکارێک من توێژینەوەیەکی زۆرم دەربارەی راپرسییەکان ئەنجامداوە. ئێستاش لەنێو دیموکراتەکان ناردنی سەرباز بۆ دەرەوە شتێکە کە هیچ جێگای قبوڵکردن نییە".

ژمارەیەکی کەمی ئەندامانی کۆنگرەکە رایەکی جیاوازیان هەیە و دەڵێن، ئەوەی پێویستە دەبێت بکرێت بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی داعشێکی دیکە لە عێراق.

هێزەر کۆڵبەر، ئەندام کۆنگرە دیموکراتەوەکان دەڵێت "من بەدڵنیاییەوە لەو باوەڕەدام کە دەبێت رێگە بگیرێت لە دروستبوونەوەی داعشێکی دیکە و ئەگەر ئەوە پێویستی بە ناردنی سەربازیی زیاتر بێت، من پشتگیریی لێ دەکەم".



رووداو-
Top