13 كەس لە دوو تەقینەوەكەی سۆماڵ كوژران
بەشار ئەبشیر، بەرپرسی پۆلیسی سۆماڵ رایگەیاند "دەتوانم ئەوە پشتڕاستبکەمەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەرچەندە قوربانی کەوتووەتەوە، بەڵام سەربازانمان تەواوی توانای رووبەڕووبوونەوەیان بەکارهێنا و هێرشی تیرۆریستانیان کپکردەوە".
دوو تەقینەوەکە لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدران و یەکەمیان بارەگای رێکخراوی مینی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردە ئامانج.
ئەو ئۆتۆمبێلەی کە تەنیا پاشماوەی ماوەتەوە، ویستویەتی لە دەرگای بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بچێتەژوورەوە، بەڵام هەوڵەکەی بە گیانلەدەستدانی حەوت پاسەوانی بارەگاکە شکستیهێناوە.
تەقینەوەی دووەم ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکە خاڵێکی پشکنینی هێزە ئەمنییەکانی سۆماڵی کردووەتە ئامانج.
دوای ئەوەی گرووپی چەکداری شەباب گورزی کوشندەی خۆیان گەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان پۆلیسی زیاتری لەبەردەمە بارەگاکەی جێگیرکرد.
