بە ئامادەبوونی پاپای فاتیکان ڕۆژی جیهانی لاوان دەست پێدەکات
پاپا (فرانسیس) وا چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی چوارشەممە کاژمێر 16 بگاتە فڕگەی کراکۆف. دوای ئەوە دیدارێك ساز دەکات لەگەڵ دەسەڵاتداران و مەترانەکانی پۆڵۆنیا. ڕۆژی پێنجشەممە پاپا فرانسیس بەرنوێژی خەڵکەکە دەکا لە شارۆچکەی چێنستۆخۆڤا Częstochowa بە بۆنەی 1050 ساڵەی بڵاوبوونەوەی ئایینی کریستیانی بە پۆڵۆنیادا و دامەزرانی وڵاتی پۆڵۆنیا، ئێوارەش دەگەڕێتەوە کراکۆف و بۆ یەکەم جار چاوی دەکەوێت بە سەردانیکەرە لاوەکان. ڕۆژی هەینی پاپای ڤاتیکان بە سەردانی تایبەت دەچێتە کامپی کۆمەڵکوژی ئاشۆڤیتس بیرکێناو Auschwitrz Birkenau، دواتر سەردانی منداڵانی نەخۆش دەکات لە یەکێك لە نەخۆشخانەکانی شاری کراکۆف. ئێوارە بەشداری دەکات لە نوێژی ڕێگای خاچ. کە ئەوەش ساتێکی گرنگە بۆ کریستیانەکانی کوردستان، لە کاتی نوێژکردن لەبەردەم پاپا، گەواهی لێقەوماو و دەربەدەرەکانی دەستی داعش دەخەنە بەر دەم پاپا.
ساتی هەرە گرینگی ڕۆژی لاوانی جیهانی دەکەوێتە ڕۆژانی شەممە و یەك شەممە. ڕۆژی شەممە پاپا فرانسیس نوێژێکی بە کۆمەڵ دەکات لەگەڵ لاوانی کریستیانی جیهانی و دواییش نانی نیوەڕۆ لەگەڵ شاندی لاوانی جیهانی دەخوات. ئێوارەی هەمان ڕۆژ پاپا دەچێتە شارۆچکەی بژێگی Brzegi لە باشووری کراکۆف و لەوێ تاکو بەیانی نزا و پاڕانەوە بەڕێوە دەچێت. ڕۆژی یەكشەممە بەیانییەکەی دووبارە نوێژێکی بەکۆمەڵ دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە بۆنەی ڕۆژی جیهان لاوانی کە ملیۆنێكو500هەزار کەس بەشدارن لێی.
