داعش بەرپرسیاریەتیی هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی ئەڵمانیای گرتە ئەستۆ

داعش بەرپرسیاریەتیی هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی ئەڵمانیای گرتە ئەستۆ
گروپی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) بەرپرسیاریەتیی هێرشی تیرۆریستیی رۆژی یەکشەممە٢٤ی تەمووزی شاری ئانسباخی باشووری ئەڵمانیای گرتە ئەستۆ.

وەزیری نێوخۆی ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیا، رایگەیاند: هێرشەکە تیرۆریستی بووە وهێرشبەرەکە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە مۆبایلەکەیەوە وەرگیراوە، وەفاداریی خۆی بە سەرۆکی گروپی داعش راگەیاندووە.

لەم ڤیدیۆیەدا، پەناخوازە ٢٧ساڵیی سوریاییەکە بە زمانی ئەڵمانی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کردبوو. دوو موبایل، چەندین سیمکارت و لابتۆپێک لە ماڵەکەی و لە تەنیشت تەرمەکەی دۆزراونەتەوە.

پۆلیسی ویلایەتی باڤاریا، پێشتر گوتبووی کەرەستەی دروستکردنی بۆمب و ڤیدیۆی پێوەندیدار بە ئیسلام لە ماڵەکەیدا دۆزراونەتەوە.

بەرپرسانی ئەڵمانی دەڵێن، هێرشەبەرەکەی تەقینەوەی ئانسباخ، دووجار داخوازی پەنابەرییەکەی رەت کرابۆوە و بڕیاربوو لەم وڵاتەوە بگەڕێندرێتەوە بولگاریا.

پەناخوای ٢٧ساڵی سوریایی، رۆژی یەکشەممە ٢٤ی تەممووز، بە تەقاندنەوەی بۆمبێک لەشاری ئانسباخ لە نزیک نورمبۆرگ، خۆی کوشت و ١٢ کەسیشی بریندار کرد.
Top