كۆمسیۆنی ئه‌وروپا: توركیا لهپێگهیهكدا نییه به‌مزوانه ببێته ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپا
یان كلاود یانكهر، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا له‌چاوپێكه‌وتێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی 2ی فه‌ڕه‌نسا سه‌باره‌ت به دۆخی ئێستای توركیا‌و بوونه ئه‌ندامی ئه‌و وڵاته له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا وتی"پێموایه كه توركیا، له‌م دۆخه‌ی ئێستایدا، له‌ئاستێكدا نییه به‌مزوانه ببێته ئه‌ندام، ته‌نانه‌ت له ماوه‌یه‌كی دوورتریشدا نابێت".
سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد كه ئه‌و وڵاته‌ی له‌نێو یاسای خۆیدا "سزای مه‌رگ" بوونی بووبێت، هیچ شوێنێكی له‌ناو یه‌كێتیی ئه‌وروپادا نه‌بووه.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان دوای هه‌وڵی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی 15ی ئه‌م مانگه وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاند: خه‌ڵك داوای كاركردن به سزای مه‌رگ بۆ كوده‌تاچییه‌كان دهكهنو ئه‌وانیش له‌په‌رله‌مان ئه‌و پرسه دهخهنهبهرباس، ئه‌ردۆغان وتیشی: ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان په‌سه‌ندی بكات منیش واژۆی ده‌كه‌م.
له وه‌ڵامی سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپادا، مه‌ولود چاوش ئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به كه‌ناڵی هه‌به‌ر توركی راگه‌یاندووه: ئه‌وروپا ناتوانێت به‌هۆی سزای مه‌رگه‌وه توركیا بترسێنێت.
توركیا له ساڵی 2004دا به‌پێی یاسا جێبه‌جێكردنی سزای مه‌رگی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ نزیكبوونه‌وه له بوونه ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپا. له‌ساڵی 1984ه‌وه تائێستا هیچ كه‌سێك له توركیادا له سێدارهنهدراوهو سزای مه‌رگی به‌سه‌ردا جێبه‌جێنه‌كراوه.
به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، به‌رپرسانی توركیا له‌دوای هه‌وڵی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌یان، زیاتر له 60 هه‌زار سه‌رباز، پۆلیس، دادوه‌ر، مامۆستا و فه‌رمانبه‌ری مه‌ده‌نییان ده‌ستگیركردووه یاخود كاره‌كانیان هه‌ڵپه‌ساردووه.
ئه‌مڕۆش كه‌ناڵی NTV توركی بڵاویكرده‌وه كه دادگای وڵاته‌كه‌ی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی 42 رۆژنامه‌نوسی به‌هۆی هه‌وڵی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌وه ده‌ركردووه، هێڵی ئاسمانیی توركیاش (Turkish Airlines) رایگه‌یاند: 211 فه‌رمانبه‌ری به‌هۆی بوونی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌تی سه‌ر به فه‌تحوڵا گوله‌ن ده‌ركردووه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا گولهنو بزووتنه‌وه‌كه‌ی به ئه‌نجامدانی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده گوله‌ن خۆی ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه.
