لە نزیک شاری قوم ئاوی خواردنەوە دەستناکەوێت
شاری قوم گەورەترین ناوەندی ئایینی ئێرانە و لەدوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران زیاترین بودجە بۆ دروستکردنی بینا مەزهەبییەکان و شوێنە زانستییە ئایینییەکان تەرخانکراوە، بەڵام لە تەنیشت ئەو بینا پڕ زەرق و بەرقانە، دانیشتووانی گوندێک دەڵێن ئاوی خواردنەوەیان نییە و ژنانی گوندەکەش ناچارن لەسەر رێگەی هاتووچۆی خەڵک حەمام بکەن.
گوندی چشمەشور لە ناوچەیەکی بیابانیدا هەڵکەوتووە، کە بەتایبەت لە هاویناندا بەهۆی بێ ئاوی ژیان زۆر لێی ئەستەم دەبێت. زۆربەی دانیشتووانی گوند دموچاویان سووتاوەتەوە و سێبەری ماندوویەتی بەسەر روخساری پیر و لاو و منداڵی گوندەکە دیارە. بەهۆی بێ ئاوییەوە، چەندین نەخۆشی سەریانهەڵداوە کە زۆربەیان پەیوەندییان بە نەپاراستنی پاکوخاوێنی و تەندروستییەوە هەیە.
خەڵک خۆیان بیرێکیان لێداوە و حەوزێکی دەستکردیان بۆ چاكکردووە. زۆربەی ئاوەکەیان لەو بیرە دابین دەکەن کە دەبێ بە سەتڵ و دەبە بیگوازنەوە بۆ ماڵەکانیان.
بەرپرسانی شاری قوم دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و هەواڵی بێ ئاوی گوندەکە، کارەبای بیرە ئاوەکەشیان بڕیوە. ئێستا هەفتەی جارێک بە تانکی ئاویان بۆ دەنێرن. دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، بەرپرسان تەنیا ئەو کاتە ئاویان بۆ دەنێرن کە بزانن رۆژنامەوان یان دەزگایەکی میدیایی سەردانی کردوون، بۆ ئەوەی وێنەی تانکییەکانیان بگرن و خەڵک بەدرۆ بخەنەوە.
30 بنەماڵەی ئەو گوندە کە لە توانای ئابووری خۆیان رادیوە گوندەکەیان جێهێشتووە بەڵام خەڵکێک هەن هێشتا دڵیان لە گوندەکەیان بەر نەبووە، هەڵبەت زۆربەیان بەهۆی دەستکورتی و هەژاری. ئەوان دەڵێن لانیکەم لە گوندی خۆیان سەرپەنایان هەیە، بەڵام ئەگەر بچنە شوێنی دیکە ئاستەمە بتوانن شوێنێک پەیدا بکەن بۆ ژیان.
لە تەنیشت ئەو گوندە چەند پادگانی گەورەی سەربازی، ناوەندێکی ئەتۆمی و دامەزراوەی نەوتی هەیە. زۆربەی بەرپرسانی باڵای ئێران هەفتانە بە تەنیشت ئەو گوندەدا هاتووچۆ دەکەن، بەڵام دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، قەت چاو ناگێڕن بۆ ئەوەیکە ئازاری خەڵکی ئەو گوندە ببینن.
