گۆڕانکاری لە یاسای چەکی ئەڵمانیادا دەکرێت

گۆڕانکاری لە یاسای چەکی ئەڵمانیادا دەکرێت
رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی هەینی لە سەر شەممەی رابردووی ئەڵمانیا کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

تەقەکردنەکە لەلایەن کوڕێکی 18 ساڵیەوە ئەنجامدرا و دەستکەوتنی چەکیش لە لایەن کەسێک لەو تەمەنەدا ئەو پرسیارەی ورووژاند، ئایا پێویست ناکات گۆڕانکاری لە یاسای هەڵگرتنی چەک لەو وڵاتەدا بکرێت؟

سیگماری گابریل، جێگری راوێژکاری ئەڵمانیا، رایگەیاند پێویستە یاسای چەک گۆڕانکاری تێدا بکرێت و رێگاش نەدرێت بەئاسانی چەک بکەوێتە دەستی خەڵک.

گابریل گوتیشی، بەرپرسان خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆئەوەی بزانن چۆن کەسێکی تەمەن 18 ساڵی کە نەخۆشی دەرونیشی هەیە چەکی دەستکەوتووە.

هاوکات تۆماس دو مەیزیا، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، ئاشکرایکرد پلانی هەیە چاوپیاخشاندنەوەیەک بە یاسای هەڵگرتنی چەک لە وڵاتەکەیدا بکات و چەند گۆڕانکاریەکی پێویستی تێدا ئەنجام بدات.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکرد کە زیادبوونی رووداوی تەقەکردنەکان لە وڵاتانی ئەوروپا واتای ئەوەیە کە دەبێت زۆرینەی وڵاتانی کیشوەرەکە گۆڕانکاری لە یاسای چەکدا بکەن، چونکە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان وڵاتانی ئەوروپادا هەیە و ناکرێت لە وڵاتێک یاسای هەڵگرتنی چەک تووندوتۆڵ بێت و لە وڵاتێکی دیکە خەڵک بەئاسانی چەکی دەست بکەوێت.

شارەزایان دەڵێن یاسای هەڵگرتنی چەک لە ئەڵمانیادا زۆر تووندوتۆڵە، بەڵام یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان دەستکەوتنی چەکە بەشێوەیەکی نایاسایی.

بە بڕوای توێژەرەوان، ملیۆنەها پارچە چەکی نایاسایی لە ئەوروپادا هەن و ئەمەش واتای ئەوەیە کە دەکرێت لە هەر کاتێکدا رووداوی هاوشێوەی تەقەکردنەکەی میونشن رووبدات.

یاسای هەڵگرتنی چەک لە ئەڵمانیا

- لە ساڵی 1972 داڕێژراوە
- لە ساڵانی 2008 و 2009 گۆڕانکاری تێدا کراوە
- 1ملیۆن و 500 هەزار کەس لە ئەڵمانیا چەکیان هەیە
- هەڵگری چەک دەبێت مۆڵەتی هەبێت
- تەمەنی 18 ساڵ کەمتر نەبێت
- هیچ نەخۆشییەکی دەروونی نەبێت
- پێوویستی بە چەک هەبێت

شەوی هەینی لە سەر شەممەی رابردوو کوڕێکی بە رەچەڵەک ئێرانی بە ناوی عەلی سوونبولی لە دەرەوەی مۆڵێکی شاری میونشن دەستی بە تەقەکردن کرد و لە ئەنجامیشدا 9 کەس کوژران و 27 کەسی دیکەش برینداربوون.

رۆژی دووشەممەی رابردووش کوڕێکی تەمەن 17 ساڵی ئەفغانی لە باشووری ئەڵمانیا بە تەور هێرشیکردە سەر سەرنشینانی شەمەندەفەرێک و لە ئەنجامیشدا چەند کەسێک برینداربوون.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 24-7-2016 پەنابەرێکی سووری لە شاری رۆیتلینگن لە باشووری ئەڵمانیا بەچەقۆ هێرشیکردە سەر سێ کەس و لە ئەنجامدا ژنێک کوژراوە و دووکەسی دیکەش برینداربوون.
Top