توركیا به‌فه‌رمی مه‌ترسیه‌كان له‌سه‌ر ئۆجه‌لان ئاشكراده‌كات
به‌پێی ماڵپه‌ڕی حوریه‌تی توركی، نۆمان كورتولموش له‌چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی A haberی توركی رایگه‌یاند، پلانی كوده‌تاچیه‌كان ئه‌وه‌بووه ئۆپه‌راسیۆنی ئاسمانی له‌دورگه‌ی ئیمرالی له‌دژی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ئه‌نجامبده‌ن، مه‌ترسی جدی هه‌بووه له‌وباره‌یه‌وه.
ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن توركیاوه، دوای ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌شێك له‌میدیاكانی ئه‌و وڵاته بڵاویانكرده‌وه، یه‌كێك له ئامانجه‌كانی كوده‌تا سهربازیهكه "رفاندن یان كوشتنی" عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان بووه له زیندانی ئیمرالی.
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ده‌ڵێت "ئامانجی كوده‌تاچیه‌كان ئه‌وه‌بووه خوا نه‌كات ئه‌گه‌ر شتێكی به‌و شێوه‌یه رویبدایا، ویژدانی برایانی كوردمان لهئامهدو ماردین‌و ئۆرفاو سیرت بریندار ده‌بوو كه له‌دژی هه‌وڵی كوده‌تاكه وه‌ستابوون، كوده‌تاچیه‌كان ده‌توانن خیانه‌تی به‌مشێوه‌یه‌ش بكه‌ن".
نۆمان كورتولموش جه‌ختیكرده‌وه، له‌ئێستادا مه‌ترسی كوده‌تای گشتی نه‌ماوه به‌ڵام پێده‌چێت هه‌ندێك "چالاكی تیرۆری" ئه‌نجامبدرێت له‌توركیا.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه، پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) ئاماده‌كاریی ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی رێپێوان له توركیا‌و ته‌واوی شاره‌كانی باكوری كوردستان، بۆ رێگه‌دان به بینینی ئۆجه‌لان و كرانه‌وه‌ی ده‌رگای زیندانه‌كه‌ی به رووی پارێزهرو كه‌سوكاریدا.
ئاماده‌كاریی بۆ ئه‌نجامدانی رێپێوان له پێناو رێگه‌دان به بینینی ئۆجالان كه له ساڵی 1999 ه‌وه له ئیمراڵی زیندانیكراوه، له‌كاتێكدایه باری نائاسایی له توركیا چه‌ند رۆژێكه راگه‌یه‌نراوه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامن بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندیان به هه‌وڵی كوده‌تاكه‌ی شه‌وی 15ی ته‌مموزه‌وه هه‌بووه.
له‌شه‌وی 15 ی ته‌مموزی رابردووه‌وه تائێستا،خۆپیشاندانی به‌رفراوان له‌توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت دژی هه‌وڵی كوده‌تاكه‌ی به‌شێك له‌سوپا، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و به‌رپرسانی دیكه‌ی توركیا.
16ی ئه‌م مانگه، وه‌فدی ئیمرالی كه له په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په پێكهاتووه له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند، چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ راوێژكاری باڵای ئه‌منی و وه‌زاره‌تی داد ئه‌نجامداوه‌و پێیانراگهیاندون، دۆخی ئۆجه‌لان ئاساییه و هیچ رووداوێكی نائاسایی نییه.
دره‌نگانی شه‌وی 15ی مانگی (تهمموز/7)ی ئه‌مساڵ، ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی توركیا كوده‌تایان به‌سه‌ر ته‌واوی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا راگه‌یاند، به‌ڵام دوای چه‌ند كاتژمێرێك ده‌سه‌ڵاتی توركیا به‌سه‌رۆكایه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان شكستپێهێنانی ئه‌و هه‌وڵه‌ی راگه‌یاند.
شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو 21ی ئه‌م مانگه‌ش، په‌رله‌مانی توركیا به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ باری نائاسایی په‌سه‌ندكرد دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری ئه‌و وڵاته‌وه بۆ ماوه‌ی سێ مانگ راگه‌یه‌ندرا.
