سوپای پاسداران قوتابیان هان دەدات لەدژی حزبە کوردییەکان بوەستنەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە (24,7,2016)، ڕۆستم جەهانگیری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گوتی: "پرسی بە بەسیجکردنی قوتابیان بەتایبەت لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات شتێکی تازە نییە و سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ترساندن، تۆقاندن، زەبر و زەنگ داڕیژراوە".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی حدکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زۆر خەڵک ناچار دەکات ببنە بەسیج، هاوکات نایشارێتەوە کە هەندێک کەسیش لەپێناو پارە و بەڵێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەچنە ڕیزی بەسیجەوە، کە ئەو کارەش بە خەیانەت بەرانبەر گەڵ و خاک هەژمار دەکرێت.
بەپێی زانیاریی ماڵپەڕەکانی حکوومەتی ئێران، حەسەن ڕاشێدیفەرد، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران لە شاری دێهگولان سەرپەرستی تیمێکی 100 کەسی لە بەسیجی قوتابیانی دەکات، کە بڕیارە بچنە سەر سنوورەکانی نێوان کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان، بە گوتەی ئەو بەرپرسەی حدکا، ئامانجی سەرکیی ناردنی ئەو قوتابیانە، گۆڕینی ڕوانگەی ڕۆڵەکانی کوردە بەرامبەر حزبە کوردییەکان و بەتایبەت حزبی دیموکراتی کوردستان.
جەهانگیری ، گوتیشی: "ئێمە وەکوو پێشمەرگە و ڕۆڵەی ئەو گەل و خاکە داوا لەو قوتابیانە دەکەین دژی داخوازییە ناڕەواکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوەستنەوە و هاوکارمان بن لە گەیشتنە بە ئامانجە ڕەواکانی گەلەکەمان، ئەو قوتابیانەش دڵنیا دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی بە کاریان دێنیت".
بە گوتەی چاودێرانی سیاسیی دوای زیادکردنی بوودجەی سوپای پاسداران لە ئێران، بەشێکی بەرچاوی ئەو بوودجەیە بۆ ڕاهێنانی بەسیجی قوتابیان و ناردنیان بۆ سنوورەکان تەرخان دەکرێت.
باسنیوز
