توركیا؛ یاریده‌ده‌رێكی باڵای فه‌تحوڵا گوله‌ن ده‌ستگیركرا
هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا دوێنێ له شاری ترابزۆنی كه‌ناری باكوری رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یان كه ده‌كه‌وێته‌سه‌ر ده‌ریای ره‌ش، هالس هانجی، یاریده‌ده‌ری باڵای فه‌تحوڵا گوله‌نیان ده‌ستگیركرد، به‌رپرسانی توركیا هانجی-یان وه‌ك "ده‌سته ڕاست"ی فه‌تحوڵا گوله‌ن ناساندووه‌و تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن به‌وه‌ی، كه به‌رپرسه له ره‌وانه‌كردنی هاوكاریی دارایی بۆ گوله‌ن‌و له‌پشت هه‌وڵی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی 15ی ئه‌م مانگه‌ی توركیاوه‌یه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی باڵای توركیا به‌رده‌وامن له تۆمه‌تباركردنی فه‌تحوڵا گوله‌ن به‌وه‌ی كه له‌پشت هه‌وڵی كوده‌تاكه‌وه بووه، به‌ڵام گوله‌ن به توندی ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه كه خۆی‌و بزوتنه‌وه‌كه‌ی له پشت هه‌وڵی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیاوه‌بن.
ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس له‌زاری به‌رپرسێكی ئه‌منی توركیاوه بڵاویكردووه‌ته‌وه، واده‌رده‌كه‌وێت هایلس هانجی دوو رۆژ به‌ر له روودانی هه‌وڵی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی 15ی ئه‌م مانگه هاتبێته ناو توركیاوه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی توركیا هاوكات، چه‌ند راپۆرتێكی ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵی بۆ فرانس پرێس پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه عه‌قید هاكان كاراكوس، زاوای ئاكن ئۆزتوك، فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزی ئاسمانیی توركیا له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه له‌ئه‌نقه‌ره ده‌ستگیركراوه.
هه‌ردوێنێ هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا رایانگه‌یاند، كه محه‌مه‌د سه‌عید گوله‌ن، كوڕه‌زای فه‌تحوڵا گوله‌نیان به تۆمه‌تی تێوه‌گلان له هه‌وڵی كوده‌تاكه ده‌ستگیركردووه.
هاوكات، كه‌ریمه كورماش، كه ژنه فڕۆكه‌وانێكی سوپای توركیایه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه به هه‌مان تۆمه‌ت، له هه‌رێمی یالۆڤا-ی ئه‌سته‌نبوڵ ده‌ستگیركراوه، ئه‌مه‌ش به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی دۆغان.
ناوبراو له‌گه‌ڵ دوو فرۆكه‌وانی دیكه‌دا، كه ئه‌وانیش ده‌ستگیركراون، تۆمه‌تبار كراوه به‌وه‌ی كه له شه‌وی كوده‌تاكه‌دا فڕۆكه‌ی جۆری ئێف 16 یان رفاندووه و چوونه‌ته ئاسمانی ئه‌سته‌نبوڵ. ژماره‌یه‌ك میدیای توركی ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن كه كه‌ریمه كولماش، تاكه ژنه فڕۆكه‌وانی فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ر بووه له ته‌واوی ئه‌و وڵاته‌دا.
فه‌تحوڵا گوله‌ن له‌ساڵی 1999 وه له ئه‌مریكا دژی‌و له‌ئێستادا توركیا داوا له ئه‌مریكا ده‌كات راده‌ستی بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مریكا جه‌ختده‌كاته‌وه ئه‌و به‌ڵگانه‌ی توركیا پێشكه‌شیده‌كات سه‌باره‌ت به گوله‌ن ده‌بێت له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی ده‌ره‌وه‌ی توركیاوه دوای لێكۆڵینه‌وه متمانه پێكراو ده‌ربچن.
ناكۆكی نێوان گوله‌ن و ئه‌ردۆغان له‌ساڵی 2013 ته‌قیه‌وه كاتێك كه‌یسی گه‌نده‌ڵی ژماره‌یه‌ك وه‌زیرو كوڕی به‌رپرسانی توركیا له‌ناویاندا كوڕه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان ئاشكراكراو ئه‌ردۆغان گروپه‌كه‌ی گوله‌نی تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان به ئامانج گرتووه.
گوله‌ن خاوه‌نی هه‌زاره‌ها قوتابخانه‌و كۆلێجی تایبه‌ته له توركیا‌و سه‌دان وڵاتانی دیكه‌ی جیهان، له‌دوای شكستهێنانی كوده‌تاكه‌ی توركیاش ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته كه‌وتوونه‌ته ده‌ستیگركردنی لایه‌نگرانی گوله‌ن‌و داخستنی قوتابخانه‌و زانكۆكانی سه‌ربه بزووتنه‌وه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته بۆ ماوه‌ی سێ مانگ باری نائاسایی راگه‌یاند‌و په‌رله‌مانی توركیاش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ندی كرد.
به‌پێی دواین ئاماریش كه بینالی یه‌ڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا شه‌وی رابردوو رایگه‌یاند: تائێستا نزیكه‌ی 13 هه‌زار كه‌س به‌هۆی تێوه‌گلانیان له كوده‌تاكه ده‌ستگیركراون كه له‌نێویاندا هه‌زارو 329 پۆلیس، 8 هه‌زارو 831 سه‌رباز، 2 هه‌زارو 100 دادوه‌ر و 689 كه‌سی مه‌ده‌نی هه‌ن، جگه له‌وانه‌ش 5 هه‌زارو 837 كه‌سی تر ده‌ستبه‌سه‌ركراون كه‌له‌نێویاندا 3 هه‌زارو 718 سه‌رباز و 123 لیوا هه‌ن.
پێشتریش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی توركیا، له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوی له‌چوارچێوه‌ی باری نائاساییدا، بڕیاریدا به‌داخستنی هه‌زارو 229 كۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ 949 قوتابخانه‌و زانكۆ، ئه‌وه‌ش وه‌كو به‌شێك له‌رێكاره‌كانی لێكۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی كوده‌تا له‌و وڵاته.
خه‌ندان
