پۆلیسی باڤاریا: هێرشکەرەکەی میونشن ٢٥ کەسی کردە قوربانی بە رەگەز ئێرانییە
بەڕێوەبەری پۆلیسی ویلایەتی باڤاریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەکەوێت، هێرشکەرەکە بە تەنیا بەم کارە هەستاوە و هیچ کەس هاوڕێیەتیی نەکردووە. هاوکات تا ئێستا دیار نییە کە چی پاڵی پێوە نابێت تا بەم کارە هەستێت".
تەقەکەرەکە، کە دوای 2 کاژێر و نیو تەرمەکەی دۆزرایەوە، لای پۆلیس کەسێکی ناسراو نییە و بە گوێرەی قسەی پۆلیس هیچ بەڵگەیەکیش نییە لەسەر ئەوەی کە پەیوەندیی بە گرووپە "تیرۆریستی"یەکانەوە هەبێت.
هوبێرتوس ئاندریا، بەڕێوەبەری پۆلیسی میونشن گوتی: "تەرمی کەسێک دۆزراوەتەوە، کە وا دەردەکەوێت تەرمی هێرشکەرەکە بێت و خۆی کوشتبێت. ئەو گەنجێکی 18 ساڵەی ئەڵمانیی بەڕەگەز ئێرانییە و دانیشتووی میونشنە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان هیچ بەڵگەیەک نییە کە کەسانیتر لەم کارەدا بەشدار بووبن. بەکەسە گومانلێکراوەکەوە 10 کەس کوژراون، 21 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون، 16یان لەوێ ماونەتەوە، باری 3 کەسیان ناجێگیرە."
رووداو
