ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە پەرە دەستێنن

 ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە پەرە دەستێنن
ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە پەرە دەستێنن و هەر دوو وڵات یەکتر بە پاڵپشتیکردنی تیرۆریزم تۆمەتبار دەکەن.

وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە میانە بەشداریکردن لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئیگمۆنتی (ناوەندی لێکۆڵینەوەی دارایی) بەلجیکا بە توندی وەڵامی سەرکۆنسووڵی ئێران دەداتەوە و دەڵێ: "ئیران یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە و تا ئیستا هێرشی کردووەتە سەر 12 باڵێۆزخانەی وڵاتانی بیانی، ئەوەش بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی ئێران پێشێڵی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات".

دوای ئەوەی عادل ئەلجەبیر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە وەڵامی تۆمەتەکانی ئێرانی لەبارەی پەیوەندیی سعوودیە بە تیرۆزیزمی جیهانی دایەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی؛ "سعوودیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەکانی 11ی سێپتەمبەر رۆژانێکی سەخت تێپەڕ دەکات".

هاوکای وەزیری دەرەوەی سعوودیە گوتی: "دەستوری بنەڕەتیی ئێران باس لە هەناردەکردن و بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعە دەکات، لەلایەکی دیکەوە هەر ئیران بوو کە حزبوڵڵای لوبنانی دامەزراند و تا ئێستاش هێرشی کردووەتە سەر 12 باڵیۆزخانەی وڵاتانی بیانی و ئەمانەش هەموو بەڵگەن بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە پاڵپشتی لە تیرۆریزم دەکات".

وەزیری دەرەوەی سعوودیە گوتیشی: "ئێمە زانیاریمان دروست نەکردووە، بەڵگەکان دەریدەخەن کە ئیران پاڵپشتی لە تیرۆزیزم دەکات و تیرۆریستەکان داڵدە دەدات، ساڵی 2003ی کاتێک تەقینەوەی ڕیاز ڕووی دا، سەیف ئەلعدڵ، بەرپرسی پڕوپاگەندەی ڕێکخراوی ئەلقائیدە لەگەڵ چوار بەرپرسی پلە باڵای ئەو ڕێکخراوە لە ئێران بوون".

ئەلجەبیری ڕوو بە ئیران گوتی: "ئەگەر ئێران حەز ناکات ڕەخنەی لێ بگیرێت با هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت".

هاوکات بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران ڕۆژی ڕابردوو لە وەڵامی قسەکانی وەزیری دەرەوەی سعوودیە گوتی: "دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی 28 لاپەڕەیی لە بەڵگەنامەکانی تایبەت بە ڕووداوی تەقینەوەی 11ی سێپەمبەر لە ئەمەریکا و تۆمەتباربوونی سعوودیە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕۆژانێکی سەخت بەڕێ دەکەن".

ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە لەم ساڵانەی دواییدا و بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتی لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە زیادی کردووە و ڕیاز پەیوەندییە دیپڵۆماتیکەکانی لەگەڵ تاران بەتەواوی پچڕاندووە.











باسنيوز
Top