فڕۆکەیەکی کۆریای باکوور بە ناچاری لە چین دەنیشێتەوە

 فڕۆکەیەکی کۆریای باکوور بە ناچاری لە چین دەنیشێتەوە
فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی کۆریای باکوور بە ناچاری لە فڕۆکەخانەیەکی کۆماری چین دەنیشێتەوە.

فڕۆکەکە سەر بە هێڵی ئاسمانیی (ئایر کۆریۆ) بووە و سەرلەبەیانیی رۆژی هەینی 22ـی تەمموزی 2016 لە گەشتێکدابووە لە نێوان شاری بیۆنگ یانگی پایتەختی کۆریای باکوور و شاری پەککین پایتەختی چین.

ئاژانسی (شینخوا)ی چینی بڵاوی کردووەتەوە، کە فڕۆکەکە بەر لەوەی بگاتە پەککین، بەهۆی هەڵگیرسسانی ئاگرێکەوە لە ناوی، بە ناچاری لە فڕۆکەخانەی شاری شینیانگ لە باکووری رۆژهەڵاتی چین نیشتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

هێڵی ئاسمانیی کۆریای باکوور لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، ئەوە یەکەم رووداوی ناسروشتییە تۆماری دەکات، هەرچەندە گەشتەکانی تەنیا بۆ فڕۆکەخانەکانی چین و فڕۆکەخانەی فلادیفۆستوک لە رۆژهەڵاتی رووسیا ئەنجام دەدات.

فڕۆکەکانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ئایر کۆریۆ لە جۆری تۆپۆلۆڤ 204ـی رووسییە و دوو بزوێنەریان هەیە و 140 گەشتیاریش هەڵدەگرن.










باسنيوز
Top