هیند.. گرووپێک بۆ دووەمجار دەستدرێژی دەکەنە سەر کچێک
بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژی بۆسەر کچێکی هیندی ئەویش بۆ جاری دووەم، ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو وڵاتەی بەدژی حکوومەت لێ کەوتەوە و دەڵێن؛ "حکوومەت ناکارامەیە و یاساکانی بەرگری لە مافی ژنان جێبەجێ ناکرێن".
پۆلیسی هیند ڕای گەیاند؛ چوارشەممەی ڕابردوو؛ جەستەی نیوەگیانی ئەو کچە 21 ساڵانەیان لە دارستانێکی نزیک نیودەلهی دۆزیوەتەوە.
بەگوتەی پۆلیسی هیند، دوای ئەوەی ئەو گرووپە کچەکەیان لە نزیک زانکۆی حکوومی (هاریانا) ڕفاندووە، لە ئۆتۆمبیلێکدا دەستدرێژیان کردووەتە سەر و جەستەی نیوەگیانیان فڕی داوە.
هەر بە پێی ڕاپۆرتەکەی پۆلیس، ئەو کچە ئێستا لە نەخۆشخانەیە و توانیویەتی ئەو گرووپە پێنج کەسییەی دەستدرێژیان کردووەتە سەر، بناسێتەوە.
ئەو کچە بە پۆلیسی گوتووە؛ دوو لە دەستدرێژیکارەکان هەمان ئەو کەسانە بوون کە سێ ساڵی ڕابردوو دەستدرێژییان کردووەتە سەری.
بە گوتەی بنەماڵەی قوربانییەکە، ئەو گرووپە هەڕەشەیان لێ کردوون و تەنانەت پێشنیاریان پێ کردوون ئەگەر ڕووداوەکە نەورۆژێنن، پارەیەکی زۆریان پێ دەدەن، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردووەتەوە.
هەرچەندە حکوومەتی هیند سزاکانی بۆ سەر دەستدرێژیکارانی سێکسی توندتر کردووە، بەڵام ئەو دیارەدەیە لە هیند ڕوو لە زیاد بوونە.
بەپێی ئامارەکانی مافی مرۆڤ لە هیند تەنیا لە ساڵی 2014 زیاتر لە 35 هەزار کچ لەو وڵاتە دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا قوربانییەکان بەهۆی ترسەوە بێ دەنگییان کردووە.
باسنيوز
