هەزاران پۆلیس و حاكم و فەرمانبەری پلە باڵای توركیا دوورخرانەوە
سەرچاوەكانی هەواڵ لە توركیا ئاماژەیان بەوە داوە كە بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ رایانگەیاندووە 8 هەزار پۆلیس دوورخراونەتەوە كە زۆربەیان لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە بوون.
هەروەها بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی توركیاش، 34 فەرماندەی سوپا، لەنێویاندا 5 ژەنەراڵ و 29 ئەفسەر بە پلەی كۆڵۆنێل لەكار لادراون. هەروەها 40 دادوەری نوێش بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسی رووداوەكە راسپێردراون.
لەلایەكی دیكەوە تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێنی توركیا بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ دووشەممە بڕیاری لەكارلادانی 30 حاكمی هەرێمەكان و زیاتر لە 50 گەورە كارمەندی دەوڵەت دەركراوە .
هاوكات سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزێكی تایبەتی پۆلیسی توركیا هەڵی كوتایە سەر قوتابخانەی جەنگی ئاسمانی كە 20 پۆلیس بە تەواوی ئامادەكارییەوە چوونە ناو بنكەكە و ژمارەیەكی زۆری زرێپوش و ئۆتۆمبێلی پۆلیس لەبەردەم قوتابخانەكە جێگیر كران، هاوكات هاتوچۆ بۆ ناو قوتابخانەكە قەدەخە كرا.
باسنيوز
