وەزارەتی ناوخۆی تورکیا 8 هەزار پۆلیسی دوورخستەوە

 وەزارەتی ناوخۆی تورکیا 8 هەزار پۆلیسی دوورخستەوە
بەتۆمەتی تێوەگلان لە هەوڵی كودەتاكەی رۆژی هەینی، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا 8 هەزار پۆلیسی دوورخستەوە.

میدیاكانی توركیا لەسەر زاری بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بڵاویانكردووەتەوە، زۆربەی پۆلیسە دوورخراوەکان لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرەن.

شەوی 15-7-2016 بەشێک لە سوپای تورکیا کودەتایەکی سەربازی ئەنجامدا و كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا و بینای پەرلەمان لە ئەنقەرە، لەلایەن كودەتاچییەكانەوە بۆردوومانکران.

دوای چەن کاژێرێک و هاتنە سەر شەقامی خەڵک لەوەڵامی داواکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، توانرا کودەتاکە شکست پێبهێنرێت و زۆربەی کودەتاچییەکان دەستگیر بکرێن.

بەپێی دوایین ئاماری لایەنە فەرمییەكانی توركیا كە رۆژی یەكشەممە 17-7-2016 بڵاویانكردەوە، بەهۆی هەوڵی كودەتاكەی ئێوارەی رۆژی هەینی 15-7-2016، 161 هاووڵاتی و پۆلیسی دژە كودەتا و، 104 كەس لە ئەنجامدەرانی كودەتاكە كوژراون، ژمارەی بریندارانیش لە هەردوولا زۆرتر لە هەزار و 400 كەس دەبێت، 6 هەزار كەسیش دەستگیركراون.

بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە لەنێو ئەو 8 هەزار پۆلیسەی دوورخراونەتەوە، چەندیان دەستگیركراون، یاخود چەندیان لەنێو ئەو 6 هەزار كەسەی دەستگیركراون پۆلیسن.

هەروەها بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی تورکیا، 34 فەرماندەی سوپا، لەنێویاندا 5 ژەنەراڵ و 29 ئەفسەر بە پلەی کۆڵۆنێل لەکارلادراون. 40 دادوەری نوێش بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی رووداوەکە راسپێردراون.





رووداو
Top