حکوومەتی یۆنان: هەشت کودەتاچییە تورکەکە رادەست دەکەینەوە

 حکوومەتی یۆنان: هەشت کودەتاچییە تورکەکە رادەست دەکەینەوە
سەرۆک وەزیرانی یۆنان رایدەگەیەنێت، کە هەشت فەرماندە سەربازییە کودەتاچییەکەی تورکیا رادەست دەکەنەوە.



دوای شکستهێنانی هەوڵەکەیان بۆ ئەنجامدانی کودەتای سەربازی لە شەوی هەینی 15ـی تەمموزی 2016، هەشت فەرماندەی باڵای سوپای تورکیا بە هەلیکۆپتەرێکی جەنگی روویان لە یۆنان کرد و داوای مافی پەنابەریی سیاسییان کرد.



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵی نیمچە فەرمیی تورکیا، رۆژی یەکشەممە 17ـی تەمموزی 2016، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەتەلەفۆن پەیوەندیی بە ئەلێکسیس تسیپراس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان کرد و داوای لێکرد ئەو هەشت فەرماندەیەی سوپای تورکیا رادەست بکاتەوە.



ئەلێکسیس تسیپراس بەڵێنی بە رەجەب تەییب ئەردۆغان داوە، کە رێکارە پێویستەکان بۆ رادەستکردنەوەی ”هەشت کودتاچی“یەکەی سوپای تورکیا دەست پێ دەکەن.



هەروەک ئاژانسەکە بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆک وەزیرانی یۆنان رایگەیاندووە، پشتگیریی حکوومەتی تورکیا لە دژی کودەتاچییەکانی سوپا دەکات، چونکە ”لە دیموکراسیدا کودەتا جێگەی نییە و رێز دادەنێن بۆ حکوومەتی ھەڵبژێردراو و ئیرادەی خەڵکی تورکیا“.





باسنیوز
Top