ئێران: بە وردی چاودێریی سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ تورکیا دەکەین

 ئێران: بە وردی چاودێریی سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ تورکیا دەکەین
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران به‌ ئاماژه‌ به‌ کودەتاکەی لە تورکیا گوتی: بەهۆی ڕووداوەکانی تورکیا بە نیگەرانییەوە چاوەدێری دەکەین و سنوورە هاوبەشەکانمان لەژێر کۆنترۆڵ دایە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مێهر، عەلی شەمخانی، نوێنەری خامنه‌یی و دەبیری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئاشکرای کرد: تەواوی سنوورەکانی زەوینی و ئاسمانیی هاوبەشی نێوان ئێران و تورکیا لەژێر چاوەدێری و کۆنترۆڵی تەواو دان و بەته‌واوەتی بەسەریدا زاڵین.

شه‌مخانی له‌ کاردانه‌وه‌ به‌ ڕووداوه‌کانی تورکیا، رایگەیاند: بە وردبینی و نیگەرانییەوە رووداوەکانی تورکیا لەژێر چاوەدێریمان دان و ناسەقامگیریی ئەم وڵاتە بە هۆکارێک بۆ ناسەقامگیریی ئاسایش و ئارامیی خەڵک دەزانین.

بەهۆی کودەتای بەشێک لە سوپای تورکیا، 104 کەس کوژران و زیاتر لە 2800 سەرباز و ئەفسەر دەستگیر و زیاتر لە 1400 کەسیش بریندار بوون.
















Top