هەدەپە بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی تورکیا دەکات
هەدەپە پێشتریش وەک لایەنەکانی دیکەی تورکیا ڕایگەیاندبوو کە دژی ئەو کودەتایەیە کە لە تورکیا هەوڵی بۆدراوە.
ئەمڕۆ ١٦ی تەموز دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوە دەچێت دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بەهۆی هەوڵدان بۆ کودەتاوە بە موشەک هێرشیکرایە سەر.
فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا هەوڵی کودەتایان لە وڵاتەکە ئیدانەکرد و سەرۆکی پەرلەمانیش لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند هیچ هەوڵێک دامەزراوە شەرعییەکان پەک ناخات.
دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان لەکاتێکدایە، لەمیانی کودەتاکەی بەشێک لە سوپای تورکیا، بە بۆمب هێرشکرایە سەر بینای پەرلەمانی ئەو وڵاتە و لە ئاکامدا چەند کەسێک بریندار بوون.
لە شەوی ڕابردووەوە ١٥ی تەموزی ٢٠١٦، هەوڵێکی کودەتا لە تورکیا لەلایەن بەشێک لە سوپاوە درا و بەهۆیەوە زیاتر لە ٦٠ کەس کوژران و ٣٣٦ کەس برینداربوون.
ئاژانسی ئانادۆڵی تورکی بڵاویکردەوە، پەرلەمانی تورکیا کەوتە بەر هێرشی کودەتاچییەکان و لە ئاکامدا ژمارەیەک پۆلیس و بەرپرسی پەرلەمان بریندار بوون.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکێک لەو بۆمبەکان دەروازەی چوونەژووەرەی بیناکەی کردووەتە ئامانج و زیانێکی زۆری بە بینای پەرلەمان گەیاندووە.
ئیسماعیل قارەمان سەرۆکی پەرلەمانی تورک ڕایگەیاند، بەرپرسانى لایەنەکان کودەتاکەیان ڕەتکردووەتەوە و وتیشی "ئێمە وڵاتێکین سەروەریمان هەیە و هەڕەشەمان لێ ناکرێت."
هاوکات بەپێی وتەی بەرپرسانی تورکیا، ١٦ کەس لە ڕێکخەرانى کودەتاکە لە نزیک پەرلەمان دەستگیرکراون.
ئاماژەشیان بەوە کردووە، بارەگاى دەزگاى هەواڵگرى بە هێلیکۆپتەر هێرشى کراوەتەسەر و چەکی قورس بەکارهێنراوە، هەروەها لە بارەگاى سەرۆکایەتى ئەرکانى سوپا ٢٠٠ سەرباز و ئەفسەرى کودەتا خۆیان ڕادەستى پۆلیس کردووە.
دوینێ هەینی لەلایەن بەشێک لە سوپای تورکیاوە هەوڵی کودەتا درا بەسەر حکومەتدا و کودەتا چییەکان ڕایانگەیاند کە بۆ گەڕانەوەی دیموکراسی و عەلمانی هاتوون.
سەرچاوە عەرەبییەكان
