هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر كچه‌كه‌ی ئۆباما

هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر كچه‌كه‌ی ئۆباما
ماوەی دوو رۆژە ژمارەیەکی زۆر به‌كارهێنه‌ری تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی ئینسته‌گرام بە زمانی فارسی لەو تۆڕ هێرش ده‌كه‌نه‌ سەر لاپەرەی تایبەتی مالیا ئۆباما، کچی سەرۆک کۆماری ئەمه‌ریکا و قسەی نه‌شیاو و جنێوی پێ ده‌ده‌ن و ناوبراویش وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌.
میدیاكان بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هێرشانه‌ بۆ سەر لاپەرەی مالیا ئۆباما بەڕادەیەک چاوەروان نەکراو و دوور لە ڕەوشت بووە، کە لەلایەن بەکاربەرە ئێرانییەکانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ڕای جیاوازی لێ کەوتووەتەوە، هەندێک کەسایەتی دیاریی ئێران پشتیوانیان لە کچی ئۆباما کردووە و داوای لێبووردنیان لێ کردووە.

ئەگەرچی سەرەتا مالیا ئۆباما کاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەو هێرشانه‌ هەبوو، کە بەڵام دوای ئەوەی هەندێک بەکاربەری ئێرانی داوای لێبووردیان لێکرد،له‌ پۆستێكیدا نووسی " هەستم بەوە کرد کە ئێرانی باشیش هەیە و داوای لێبووردنەکەیان لێ قبووڵ دەکەم".

دوای ئەو ڕووداوە کە زۆربەی میدیا جیهانییەکان باسیان کردووە، چەندین گریمانە لەسەر هۆکارو ئەو لایەنانەی لەپشت ئەو رووداوەیە هاتووه‌ته‌ ئاراوە.

بەشێکی زۆر لە بەکاربەرانی ئینسته‌گرام کە بۆچوونیان لەسەر ئەو ڕووداوە نووسیوە، پێیانوایە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە سوپای پاسداران و لە سەرووی هەموویان ماڵپه‌ری (فارسنیوز) لەپشت ئەو کارەیە.

هەندێک کەسی دیکە پێیان وایە وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بە بەرنامەیەکی پێشتر دارێژراو ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر لاپەرەی مالیا ئۆباما کردووە.

هەندێکیش لەسەر ئەو باوەرەن کە ئەو کارە لەساڵرۆژی رێککەوتنی ناوکی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک لەلایەن هەندێک ڕێکخستنی توندڕەی بناژۆخوازەکان کراوە، بۆ ئەوەی دژایەتیکردنی خۆیان لەو ڕێککەوتنە دووپات بکەنەوە.
Top