پارێزبەندی یاسایی بۆ سەربازانی تورکیا دانرا

 پارێزبەندی یاسایی بۆ سەربازانی تورکیا دانرا
سەرۆککۆماری تورکیا یاسای دانانی پارێزبەندی یاسایی بۆ سەربازانی وڵاتەکەی پەسەندکرد بەو پێیەش هیچ دادگایەکی مەدەنی ناتوانێت ئەو سەربازانە دادگایی بکات کە لە باکووری کوردستان بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەکەن.

رۆژی چوارشەممە 13-07-2016 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، یاسای دانانی پارێزبەندی یاسایی بۆ سەربازانی وڵاتەکەی واژۆکرد و دوای بڵاوبوونەوەی یاساکە لە رۆژنامەی فەرمی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بە پێی یاساکە، ئەو کارمەندانەی هێزە ئەمنییەکان کە لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تورکیادا دەجەنگن، خزمەتی سەربازییان بۆ هەژمار دەکرێت و ئەو تۆمەتانەی کە دەدرێتە پاڵیان گوایە پێشێلکارییان کردووە لە چوارچێوەی تاوانی سەربازیدا پەسەند دەکرێت، بەو پێیەش هیچ دادگایەکی سڤیل ناتوانێت دادگاییان بکات.

بەپێی یاساکە، لەکاتی پێویستدا بەبێ چاوەڕوانی مۆڵەتی دادگا و بە فەرمانی فەرماندەیەکی سەربازی، هەڵدەکوترێتە سەر شوێنی نیشتەجێبونی داواکراوان، بەڵام بە بێ مۆڵەتی دادگا ناتوانن کەس دەستگیر و دەستبەسەر بکەن.

دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی تورکیا، پرۆژەیاسای دانانی پارێزباندی یاسایی بۆ سەربازانی تورکیا لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا و لەکاتی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەدا مشتومڕ لە نێوان ئەندامانی هەدەپە و ئاکەپەدا روویدا و ئەندامانی هەدەپە کۆبوونەوەکەیان جێهێشت.

دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی ئاک پارتی بۆ پرۆژەیاسای دانانی پارێزبەندی یاسایی بۆ سەربازانی سوپای تورکیا هاوشێوەی کارمەندەکانی دەزگای هەواڵگری MIT، کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا رەشنووسەکەی تاوتوێکرد و پەسەندی کرد.

ئاک پارتی، جەهەپە و مەهەپە لەسەر ناردنی پرۆژەیاساکە بۆ ئەنجوومەنی گشتی پەرلەمان رێککەوتن و هەدەپەش بە تەنیا دژی وەستایەوە، لە پرۆسەیەکی دەنگدانیشدا لە پەرلەمان پرۆژە یاساکە پەسەندکرا و رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرا بۆ واژۆکردن یاخود رەتکردنەوەی.

ئەو سەربازانەی تۆمەتی "بەزاندنی سنووری بەکارهێنانی چەک" و "ئەشکەنجە" یاخود "مامەڵەی خراپ"یان دراوەتەپاڵ، تۆمەتەکان لە چوارچێوەی تاوانی سەربازیدا جێگەیان دەکرێتەوە و لە دادگای سڤیلدا دادگایی ناکرێن.

ئەو سەربازانە، تەنیا بە مۆڵەتی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ یاخود سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە دادگایەکی سەربازیدا دادگایی دەکرێن.
Top