کوردستانی ڕۆژهەڵات.. سێ چالاکوانی کورد دەستگیر کران

 کوردستانی ڕۆژهەڵات.. سێ چالاکوانی کورد دەستگیر کران
شەپۆلێک لە بانگهێشت و دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییە حکوومەتیەکانی ئێرانەوە لە چەندین شاری کوردستان دەستی پێکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژی ڕابردوو مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان هەوڵی دەستبەسەرکردنی لاوێکی تەمەن 26 ساڵە بە ناوی ڕەزا قورەیشیان داوە.

ئەو گەنجە لە کاتی گەڕانەوەی لەسەر کارەکەی لە شەقامی ساحلیی شاری بۆکان، لەلایەن چەند کەسێک لە لیباس شەخسیەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ڕەزا قوڕەیشی پێشتریش دوو جار بە بیانووی لایەنگەری و چالاکی لە بەرژەوەندیی حیزبەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و ماوەیەک لە زینداندا بووە.

فەتاح و ماکوان ئەفسەری ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوی شاری پاوەیە، کە ڕۆژی ڕابردوو بە دانی بارمتە گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری پاوە، ئەو دوو هاووڵاتییە تەمەن ٤٣ و ٣٤ ساڵە، پاش بانگهێشتکردنی زارەکی، بۆ ماوەی یەک هەفتە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

سەبارەت بە بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد، هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند؛ ئیتلاعات "بەبێ بەڵگەی یاسایی" و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا "هەڵسوکەوتی توندوتیژانە" بۆ دەستبەسەر کراوەکان بەکار هێنراوە و لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەکانیان خۆیان بواردووە.

لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا دەیان هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی، شنۆ، سنە، مەریوان، مەهاباد، نۆدشە، بۆکان، سەوڵاوا، سەردەشت، دەستبەسەر و بۆ ژوورە تاکەکەسیەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەو شارانە ڕاگوێزراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە. شوناسی 24 هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە کە بریتین لە"مستەفا سەڵدوزی، سیروان مستەفایی، ئەمیر عەبدوڵڵازادە، ڕەحیم و خۆشناو ئیسماعیلی، عەلی سورخی، فەتاح و ماکوان ئەفسەری، یەعقووب و سدیق بائیکرام (ئاموزا)، ئاوات شەریفی، ناسیح، ڕەسوول و ئەبوبەکر عەلیخانی، عەمەر عەبدوڵڵاپوور، لوقمان عەزیزی، ڕەزا قورەیشی، سەلیم یاوەر، فەتاح پوورئەحمەد، لوقمان ئەمینی، جەلال مەحموودی، سەروەر مورادی، خەبات مەولوودی و ئەڵماس ڕەزایی."











باسنيوز
Top