پزیشکانی ئەمەریکا چارەسەری نابینایی دەدۆزنەوە
بە گوێرەی زانیارییەکانی گۆڤاری (Nature Neuroscience)، پسپۆڕِانی مێشک و دەمار دوای پچڕاندنی دەماری بینایی مشکێک، شێوازێکیان بۆ پەیوەندی ئەو دەمارە بە مێشکەوە دۆزییەوە، بۆ ئەوەی سەر لە نوێ پەیامەکان بگەیەنێت و بینایی بۆ بگەڕێتەوە.
تا ئیستاش ئەگەر دەماری بینایی کەسێک زیانی بەرکەوتبا، دووبارە بینایی بۆ نەدەگەڕاوە، بەڵام پزیشکانی ئەمەریکا ئەو بۆچوونەیان ڕەت کردەوە و لە تاقیکردنەوەیەکدا توانیان بینایی بۆ مشکێک بگەڕێنەوە، کە بە تەواوی دەماری بینایی لەناو چووبوو.
ئەندرۆ ھۆبرمەن، پزیشکی بایۆلۆژی دەمار لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و تیمەکەی بۆ بەدەستھێنانی زانیاری لەبارەی گەشەی دەماری بینایی، دەماری بیناییان لە چاوی مشکێکدا بە تەواوی لەناو برد.
کاتێک ئەو دەمارە لەناو چوو، خانە دەمارییەکان پووچ بوونەوە و لە کۆتاییدا ھیچ پەیوەندییەک بە مێشکەوە نەما و مشکەکە بە تەواوی کوێر بوو.
ھۆبرمەن و ھاوکارەکانی توانیان لە ڕێی پێکھاتەی دەمار و مادەیەکی کیمیایی گەشەدەری خانە دەمارییەکانەوە، دەمارە پووچەکان زیندوو بکەنەوە.
بە گوتەی ھۆبرمەن بۆ ئەنجامدانی ئەو تاقیکردنەوەی لەسەر چاوی مرۆڤ چەندین ساڵیان پێویستە، بەڵام ھیوادارن لە پێنج ساڵی داھاتوودا ئەو تاقیکردنەوەیەدا سەرکەوتن بەدەست بێنن.
باسنيوز
