بارزانی و كارتەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 11-7-2016 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئاشتن كارتەر وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دوا گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی لە شەڕی تیرۆریستان و هەروەها هاوكاریكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێ كرا".
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان "وەزیری بەرگریی ئەمەریكا جەختی لە بەردەوامی و پابەندبوونی وڵاتەكەی بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە و خۆشحاڵیی خۆیشی لە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق نیشاندا".
لە بەشێكی دیكەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سوپای ئەمەریكا و هێزە هاوپەیمانەكانی كرد لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستان و هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ بڕیاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
