ئێران: ئەگەر تووڕە بین هیچ ئاسەوارێک لە ئالی سعووديه ناهێڵین

ئێران: ئەگەر تووڕە بین هیچ ئاسەوارێک لە ئالی سعووديه ناهێڵین
موحسین ڕەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و سەرۆکی ئێستای کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، ڕایگەیاندووە، ئاگاداری دانیشتنی کۆمەڵە و دیموکرات لەگەڵ سعوودیە لە هەولێر هەین و ئەگەر تووڕە بین، هیچ ئاسەوارێک لە سعوودیە ناهێڵین.

لەم بارەوە ماڵپەڕی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە، موحسن ڕەزایی، لە لاپەڕەی ئیسنتاگرامی خۆی لە بەرانبەر لێدوانی ئەمدوایانەی سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سعوودیە دژکردەوەی نیشان داوە.


دەقی یادداشتەکەی موحسێن ڕەزایی بەم چەشنەیە:


"تورکی فەیسەڵ شاهزادی سعوودی و سەرۆکی پێشووی دەزگای زانیاریی سعوودیە لە کۆنفرانسی مونافقیندا بەشداریی کرد و داوای لێیان کرد کە تیرۆرەکان لە ئێران دەست پێ بکەن، پشتیوانیی فەرمیی سعوودیە لە موجاهدینی خەلق، ئەوە نیشان دەدات کە هەموو ئەو تیرۆرانەی کە ئەو گرووپە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەندامی داوە، بە پاڵپشتیی سعوودیە بووە."

هەروەها دەنووسێت "چەند مانگ لەمەوبەر سعوودیە هەمان ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ دیموکرات و کۆمەڵە و پەژاک لە هەولێر بەڕێوە بردووە و هەتا ئێستا چەند تیرۆر لە کوردستانی ئێراق ڕووی داوە."

لە کۆتاییدا دەڵێت :پەیامی ئێمە بۆ ئال سعوود ئەوەیە "کە ئێمە دێر تووڕە دەبین، بەڵام ئەگەر بێت و تووڕە بین، هیچ ئاسەوارێک لە ئال سعوود لەسەر زەوین ناهێڵین، حکوومەتی سعوودیە بە بەرپرسیاری سەرەکیی تیرۆرەکانی موجاهدین و دژە شۆڕش دەزانین و بەڵگەکانیانمان کۆ کردووەتەوە."

ڕۆژی یەکشەممەی پێشوو تورکی ئەلفەیسەڵ لە کۆنفرانسی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە پاریس هێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامی و بە سەرچاوەی تیرۆریزم و ناسەقامگیریی ناوچەکە نادێری کرد و گوتی "ئێران دەڕووخێت."

ماوەیەک لەمەوبەر و پش دەسپێکی خەباتی چەکداری لەلایەن حدکا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و چەندین تێکهەڵچوون لەگەڵ سوپای پاسداران، موحسن ڕەزایی لە لێدوانێکی دیکەدا گوتی "بە فەرمان و لەژێر چاودێریی سەرکونسووڵگەریی سعوودیە لە شاری هەولێر دوو تیمی تیرۆریستی بۆ خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات نیردراون."

دواتر لە بەیاننامەیەکدا کونسوولگەریی سعوودیە ئەو تۆمەتانەی ئێرانی ڕەت کردەوە و گوتی ئەو قسانەی ئێران تۆمەتن و داتاشراون و ئێمە ئاگامان لەو باسانە نییە و هەموویان درۆن.










باسنيوز
Top