جێگری کونسوڵی ئێران لە سلێمانی: ئێران هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان نەکردووە

 جێگری کونسوڵی ئێران لە سلێمانی: ئێران هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان نەکردووە
جێگری سەر كونسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی ڕایگەیاند، هەماهەنگییەكی باش لە نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە 11\7\2016،ئاغای پەنایی، جێگری سەر كونسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ، ڕایگەیاند: “هەماهەنگییەكی زۆر لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئێسلامیی ئێراندا هەیە و ئاگام لەو بۆردوومانانە نییە كە لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەكرێتە سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان".

بە گوتەی پەنایی، تائێستا لە نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستاندا، كێشەیەكی جددی ڕووی نەداوە كە نیگەرانی درووست بكات لەسەر بازرگانی و گەشتوگوزار و کاروبارەکانی نێوان هەردوولا.

لەبەرامبەر هەڕەشەکانی جێگری سوپای پاسدارانی ئێرانیش كە لە هەرێمی كوردستانی كردبوو ، جێگری سەر کونسوڵی ئێران لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد:"ئەو قسەی نەكردووە و هیچ هەڕەشەیەكیش نەكراوەتە سەر هەرێمی كوردستان و ئەو قسانە هیچ ڕاست نین، بەڵکو ئەوەی كە باس دەكرێت، میدیاكانی هەرێمی كوردستان گەورەی دەکەن".










باسنیوز
Top