ڕۆژنامەی شه‌رقولئه‌وسه‌ت: ئێران له ته‌قینه‌وه دایه
هاوکات له‌گه‌ڵ زیادبوونى ناكۆكییه‌كانى نێوان رژێمى ئێران و لایه‌نه كوردستانییه‌كانى كوردستانى رۆژهه‌ڵات، حزبى دیمو‌كراتى كوردستانی ئێران داوا ده‌كات سبەی سێشەممە 2016 -7 -12 له سه‌رانسه‌رى شاره كوردنشینه‌كانى ئێران، مان له كاركردن بگرن.
كاوه به‌هرامى، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حدکا، به رۆژنامه‌ى "شه‌رق ئه‌وسه‌ت"ـى راگه‌یاند :" له‌ڕێگه‌ى رێكخسته‌نه‌كانى ناوخۆوه، بانگهێشتنامه‌مان بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتییه كوردستانییه‌كان له ئێران ناردووه، بۆ ئه‌وه‌ى رۆژی سێشەممە كه ده‌كاته یادى شه‌هیدكردنى سه‌رۆكى حزبه‌كه له‌لایه‌ن هه‌واڵگرى ئێرانه‌وه له شارى ڤییه‌نا له ساڵى 1989، له ماڵه‌كانى خۆیاندا بمێننه‌وه و نه‌چنه سه‌ر كار و ده‌وام بایکۆت بکەن".
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوە، كه مانگرتن به‌شێكه له خه‌باتى گه‌لى كورد بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و گوتیشی: "خه‌باتى ئێمه ته‌نیا له خه‌باتى چه‌كدارىدا كورت نابێته‌وه، به‌ڵكوو خه‌باتى سیاسییش له‌خۆ ده‌گرێت، له هه‌مانكاتدا مانگرتن وه‌ڵامێكه بۆ ئه‌و سیاسه‌تە تیرۆریستییه‌ى كه رژێمى ئێران دژ به گه‌لى كورد و گه‌لانى ئێران و ناوچه‌كه پیاده‌ى ده‌كات".
له‌كاتێكدا زۆرێك له شاره كوردستانییه‌كان له ئێران وه‌ك: "مه‌ریوان، سه‌قز، سه‌رده‌شت، مەهاباد و ناوچه‌كانى دیكه، پۆسته‌رى هاندانى دانیشتوان بۆ مانگرتن له رۆژى سێشەممە 12ى ته‌مووزى تێیدا بڵاو كراوه‌ته‌وه و له زۆر شوێندا هه‌ڵواسراوه، سه‌رچاوه‌كانى " شه‌رقولئه‌وسه‌ت" جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێران رێكارى ئه‌منى و سه‌ربازیى توندى گرتووه‌ته‌به‌ر. "
هاوكات، سه‌ركرده‌یه‌كی دیکەی كورد ئاشكراى كردووه، كه هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌یان هاووڵاتى كوردیان له ماوه‌ى دوو ڕۆژى رابردوودا ده‌ستگیر كردووه، خالد وه‌نه‌وشه، سه‌ركرده له حزبى دیمو‌كراتى كوردستان، رایگه‌یاند :" ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له پیرانشار و شنۆ و مهاباد و مه‌ریوان و سه‌رده‌شت، زیاتر له 30 گه‌نجیان ده‌ستگیر كردووە".
باس‌نیوز
