رووسیا رەخنە لە سیاسەتەکانی ناتۆ دەگرێت

 رووسیا رەخنە لە سیاسەتەکانی ناتۆ دەگرێت
رووسیا رەخنە لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ دەگرێت لە بەرامبەر جێگیرکردنی سیستەمی دژەمووشەک و سەربازیی رێکخراوەکە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا.

لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، كە رۆژی یەكشەممە 10-7-2016 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژە بەوكراوە، رووسیا و ناتۆ بەرژەوەندی هاوبەشیان زۆرە، لەوانەش پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ئەوروپا، بەڵام ناتۆ لەرێگەی جێگیر کردنی سەرباز و سیستەمی دژەمووشەکییەوە لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا کێشە درووست دەکات.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەرئەنجامی لووتكەی وارشۆ سەلماندی ناتۆ رێکخراوێکی سەربازی نییە، بەڵکو لە بڕیارەکانیشیدا تێڕوانینی سیاسیانەی سەرانی وڵاتانی ئەندامی لەبەرچاو دەگرێت.

ئەم کاردانەوەیەی رووسیا لە کاتێکدایە لە رۆژانی 8 و 9ی ئەم مانگەدا لووتکەی ناتۆ لە شاری وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا بەڕێوەچوو، تەوەرێكی سەرەکی کۆبوونەوەکانیش تاووتوێکردنی سیاسەتەکانی رووسیا بوو، بەتایبەت مەترسییەكانی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا.

لەو لووتکەیەدا سەرانی ناتۆ بڕیاریاندا سەرباز و سیستەمی دژەمووشەک لە ژمارەیەک وڵاتی رۆژهەڵاتی ئەوروپا جێگیربکەن، ئەوەش نیگەرانی لای بەرپرسانی رووسیا درووستکرد.
Top