ژمارەی کوژراوانی رووسیا لە شەڕی ناوخۆیی سووریا بەرز دەبێتەوە
رۆژی شەممە 9ـی تەمموزی 2016، هەلیکۆپتەرێکی سەربازی لە نزیک شاری تەدمووری مێژوویی لە سووریا کەوتە خوارەوە و بووە هۆی کوژرانی هەردوو فڕۆکەوانی سەربازی رافگات خابیبۆلین و یەفگینی دۆلگین.
لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایدەگەیەنێت، کە ئەو دوو فڕۆکەوانە بەهۆی خستنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەیان گیانیان لەدەست داوە.
ئەو هەلیکۆپتەرە، کە بەشێک لە سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن فڕۆکەی جەنگیی سووری بووە، لە ناوچەیەک کەوتووەتە خوارەوە، کە لەژێر دەسەڵاتی سوپای رژێمی سووریایە.
بەپێی زانیارییەکان، چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش هەلیکۆپتەرەکەیان تێکشکاندووە، لە کاتێکدا بەئەرکی بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی ئەو رێکخراوە لە ئاسمان بووە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە مانگی ئەیلوولی 2015 رایگەیاند، کە سوپای وڵاتەکەی لەمەودوا بنکە و بارەگاکانی داعش لە سووریا بۆردومان دەکات، بەڵام هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان رایدەگەیەنن، کە رووسیا بنکە و بارەگاکانی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا بۆردومان دەکات.
بەکوژرانی ئەو دوو فڕۆکەوانە، ژمارەی ئەو سەربازانەی رووسیا، کە لە شەڕی ناوخۆیی سووریا کوژراون، بەرز دەبێتەوە بۆ 12 سەرباز.
باسنیوز
