رەجەوی: مەلاکانی ئێران سەرچاوەی توندڕەویی ئایینین
ئەنجومەنی نیشتیمایی بەرگریی ئێرانی، کە لە رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێرانی پێکهاتووە و مەریەم رەجەوی سەرۆکایەتیی دەکات، رۆژی شەممە 9ـی تەمموزی 2016 "گردبوونەوەیەک لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دژی رژێمی مەلاکانی ئێران ئەنجام دەدات، کە ئۆپۆزیسیۆن چاوەڕێ دەکات 100 هەزار کەس بەشداریی بکەن.
پێش گردبوونەوەکە، مەریەم رەجەوی پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی رەمەزان بڵاو کردەوە و هیوای خواست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە توندڕەویی لەژێر ناوی ئایینی ئیسلام رزگاری بێت، کە "مەلاکانی ئێران سەرچاوەی ئەو توندڕەوییەن".
رەجەوی هەروەها هیوای خواستووە "راپەڕین"ی گەلانی سووریا دژی دیکتاتۆریەتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا و زۆرداریی ئایینیی دەسەڵاتداری ئێران، سەربکەوێت.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بە سەرکردایەتیی خومەینی لە ساڵی 1979، سیستەمی دەسەڵاتداریی ئێران لە پاشایەتییەوە گۆڕا بۆ کۆماری و مەلا و ئایەتوڵڵاکانی شیعە دەستیان بەسەر حوکمداریی ئەو وڵاتەدا گرت.
باسنيوز
