پەیوەندییەكانی ئێران و حەماس بەرەو لاوازی دەچن

 پەیوەندییەكانی ئێران و حەماس بەرەو لاوازی دەچن
ڕاوێژكارێكی باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، ڕەخنە لە بزووتنەوەی حەماس دەگرێت و دەڵێ "قسەكانی ئێستایان لەگەڵ ڕێنوێنییەكانی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران ناكۆكن".

ئەمڕۆ شەممە (9/7/2016)، خەسرەو عرووج، ڕاوێژكاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، بە ئاژانسی (میهر)ی ئێرانی راگەیاند: "ئێمە پێمان وابوو بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دروشمی لەناوبردنی ئیسرائیلی بەرز كردووەتەوە، بەڵام ئێستا خەریكە قسەی دیكە دەكەن".

بەگوتەی ئەو فەرماندە سەربازییە، بزووتنەوەی حەماس دیارترین بزووتنەوە بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل، كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش پشتیوانی دەكرد، بەڵام ئێستا حەماس دەیەوێت دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی بكات.

گوتیشی: "ئەوە لەگەڵ رێنوێنییەكانی ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران ناكۆكە و كەس مافی ئەوەی نییە، لەگەڵ زاڵم لەسەر یەك سفرە دابنیشێت".

سەرەتای ناكۆكییەكانی ئێران و بزووتنەوەی حەماس لەسەر قەیرانی سووریا دەستی پێكرد، لە كاتێكدا ئێران دیارترین هاوپەیمانی بەشار ئەسەد بوو، بەڵام حەماس لە قەیرانی سووریادا بێلایەنیی هەڵبژارد و دواتر ڕەخنەی لە بەشار ئەسەد گرت.










باسنيوز
Top