گەورەترین ناوەندی پترۆکیمیایی ئێران ئاگری گرت
هاوکات گرووپی چەکداریی جەیشولعەدڵ لە شارێکی سنووریی پارێزگای بەلووچستان، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سوپای پاساداران و چوار کەسیان کوشتووە.
بەپێی هەواڵ و زانیاری گرووپی جەیشولعەدڵ کە خۆیان بە گرووپێکی داکۆکاری مافی نەتەوەی بەلووچ، دوێنێ چوارشەممە لە شارێکی سنووریی پارێزگای بەلووچستان لە ڕۆژهەڵاتی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سوپای پاسداران و بەو بۆنەوە چوار ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون
هاوکات لە شاری ئەهواز لە پاریزگای خووزستانیش کە بەشێکی زۆری دانیشتوانی لە نەتەوەی عەرەب پێکهاتوون، خەڵک دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و سەرەنجام لە نیوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکاندا شەڕ و ئاڵۆزی ساز بووە و بەهۆی تەقەی هێزەکانی حکوومەت کەسێک کوژراوە و 5 کەسی دیکەش بریندار بوون.
باس لەوە دەکرێت خەڵک و جەماوەری تووڕە هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی هێزی پۆلیس و ئاگریان تێبەرداوە.
بەپێی سەرچاوەی نزیکە لە پارتی "بزووتنەوەی میللیی ئەلئەحواز"ی خووزستان باس لەوە دەکرێت ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە گەورەترین ناوەندی پترۆکیمیایی شاری "ماهشەهر" لە خووزستان ئاگری تێبەرد دراوە و زیانێکی زۆری مادیی پێ گەیشتووە.
هەرچەند سەرچاوە فەرمییەکانی حکوومەتی ئێران باس لەوە دەکەن بەهۆی گرفتی تەکنیکییەوە ئەو ئاگرە کەوتووەتەوە، بەڵام دەگوترێ خەڵک و جەماوەری ناڕازیی ئەو کارەیان ئەنجام داوە.
باسنيوز
