چین: 200 کورسیی خوێندن بۆ خوێندکارانی عێراق تەرخان دەکەین
سەلمان جومەیلی، وەزیری بازرگانیی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە رۆژی یەکشەممە 3ـی تەمموزی 2016 لەگەڵ چن وی چینگ، باڵیۆزی چین لەبەغدا کۆبووەتەوە و رایگەیاندووە، عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین پتەوە و ”ئالوگۆڕی بازرگانیمان لە بەرەو پێشچوونە“.
چن وی چینگ لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق گەیشتووەتە 20 ملیار دۆلاری ساڵانە و ئەم رێژەیەش مایەی بەرز بوونەوەیە.
باڵیۆزی چین لە عێراق هەروەها رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی دەرگای بە رووی خوێندکارانی عێراقیدا کردووەتەوە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرز لە بوارە زانستی، پزیشکی و ئەندازیارییەکان، ”ساڵانە 200 کورسیی خوێندن بۆ خوێندکارانی عێراق تەرخان دەکەین“.
لە مانگی کانوونی یەکەمی 2015، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانێکیدا بۆ چین، پێنج رێککەوتنی ئابووریی، تەکنۆلۆژی، سەربازی، دیپلۆماسیی و نەوت و وزەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە واژۆ کرد.
باسنيوز
