سەرۆکی تاڵیبان بۆ ئەمریکا: واز لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە زەبری هێز بهێنن
مەلا هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی بزووتنەوەی تاڵیبان، کە لە 25ـی ئایاری 2016 و دوای کوژرانی مەلا ئەختەر مەنسوڕ بووە سەرۆکی بزووتنەوەکە، لە پەیامێکدا داوای لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکان کردووە دان بە واقیع بهێنن و ”کۆتایی بە داگیرکاری بهێنن“.
لە پەیامەکەیدا، کە رۆژی شەممە 2ـی تەمموزی 2016 بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە بڵاو کراوەتەوە، مەلا هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە رایگەیاندووە، موسڵمانەکانی ئەفغانستان لە هێز و فرت و فێڵەکانی ئەمریکا ناترسن و ”شەهیدبوون لە کاتی رووبەڕووبوونەوەتاندا بە ئامانجێکی پیرۆز دادەنێن“.
سەرۆکی تاڵیبان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا داوای لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکان کردووە واز لە یەکلا کردنەوەی کێشەکانی ئەفغانستان بە زەبری هێز بهێنن و ”بیر لە چارەسەری سیاسی بکەنەوە“.
باسنيوز
