ئێران: 100 هەزار مووشەکمان بۆ لێدانی ئیسرائیل ئامادەیە
حوسێن سەلامی، کەلە نوێژی هەینیی تاران قسەی دەکرد، گوتی: "ئەمڕۆ زەمینەی "ناوبردن و هەڵوەشانەوەی" ئیسرائیل زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ئامادەیە و هەولی بۆ دەدەین."
گوتیشی "ئێمە زیاتر لە 100 هەزار مووشەکمان لە لوبنان داناوە و ئامادەن، هەتا هەر کاتێ ببینرێت، "سایۆنیزمەکان" بەپێی لێکدانەوەی هەڵە، بەتەمای دووپات بوونەوەی هەڵەکانیان بن، ئەو مووشەکانە ڕووبە ئیسرائیل دەتەقێنرێن."
جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کرد"ئێمە بەتەمای سڕینەوەی ئیسرائیلین لەسەر خەریتەی جیهان."
ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران، هاوکات لە لێدوانەکەیدا هەرێمی کوردستانی بە نۆکەری بێگانە لەقەڵەم داوە و هەڕەشەی کرد و گوتی "ڕێبەرانی باشووری عێراق ئاگادار دەکەینەوە، ئەگەر پابەندی بەڵێنیەکانیان نەبن و هەر شوێن و خاڵێک ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایش و ئەمنیەتی ئێمە، بەبێ هیچ جیاوازییەک لەناوی دەبەین و وێرانی دەکەین."
لە ماوەی 20 رۆژی ڕابردوودا حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دوای 20 ساڵ ڕاگرتنی خەباتی چەکداری، دیسان دەستی دایەوە چالاکیی چەکداری و لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد، مەریوان، سەردەشت و سەقز، لەگەڵ سوپای پاسداران شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوانیاندا ڕووی دا بە گوتەی سەرچاوە نافەرمییەکان لەو شەڕانەدا زیاتر لە 150 ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون و لە بەرانبەریشدا 9 پێشمەرگەی حدکا شەهید بوون.
ئەم پرسە لە ئاستی سیاسەتی ناوخۆی ئێران، کوردستان، ناوچە و جیهان کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە و جارێکی دیکە پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە ڕۆژەڤی میدیاکان.
