کامیرۆن: نابێت بەریتانییەكان پشت بكەنە ئەوروپا

کامیرۆن: نابێت بەریتانییەكان پشت بكەنە ئەوروپا
دەیڤید كامیرۆن دوایین وێنەی لەگەڵ سەركردە ئەوروپییەكان گرت و رایگەیاند، هیوادارە گفتوگۆكانی جێهێشتنی یەكێتی ئەوروپا ئەرێنی بێت و ناشبێت بەریتانییەكان بەتەواوی پشت بكەنە ئەوروپا.

دوای ئەوەی 23 حوزیرانی 2016، بەریتانییەکان لە گشتپرسییەکدا بڕیای دەرچوونیان لە یەکێتی ئەوروپا دا، دەیڤید کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوایین وێنەی لەگەڵ سەرکردە ئەرووپییەکان لە برۆكسل (ناسراو بە پایتەختی یەكێتی ئەوروپا) گرت.

رۆژی سێشەممە 28-6-2016 ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا بەمەبەستی تاوتوێکردنی گشتپرسییەکەی 23 حوزەیرانی بەریتانیا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوەی لووتكەی ئەنجامدا و سەرۆكوەزیرانی بەریتانیاش بەشداری كۆبوونەوەكەی كرد.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆبوونەوکەدا بەشێوەیەکی فەرمی لەژێر رۆشنایی مادەی 50ی یەکێتی ئەوروپا داوای دەرچوونی وڵاتەکەی لە یەکێتییەکە کرد.

پێش كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی كە تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، نابێت خەڵكی وڵاتەكەی بەتەواوی پشت بكەنە ئەوروپا.

گوتیشی "هیوادارم گفتوگۆكانی جێهێشتنی یەكێتی ئەوروپا چەند دەكرێت ئەرێنی و بەرهەمهێن بن".

كامیرۆن گوتی "وڵاتانی ئەوروپا دراوسێ‌، هاوڕێ‌ و هاوپەیمانی ئێمەن و پێویستە هاماهەنگییەكانمان لە هەموو روویەكەوە بەردەوام بن".
Top