دوای بەریتانیا، ویلایەتێكی ئەمریكا داوای سەربەخۆیی دەكات

دوای بەریتانیا، ویلایەتێكی ئەمریكا داوای سەربەخۆیی دەكات
ویلایەتی تەكساسی ئەمریكا داوای جیابوونەوەو سەربەخۆیی دەكات، ئەوەش دوای ئەوەی بەریتانییەكان بڕیاریاندا لە یەكێتی ئەوروپا بچنە دەرەوە.

دانیاڵ میلەر، سەرۆكی بزووتنەوەی نیشتمانی لە ویلایەتی تەكساسی ئەمریكا، ئەوەی راگەیاندووە.

ئەوە لەكاتێكدا دێت كە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو %51.9ی دەنگدەرانی بەریتانیا دەنگیاندا بۆ چوونەدەرەوە لەیەكێتی ئەوروپا لەبەرامبەردا %48.1ی دەنگدەران دەنگیان بۆ مانەوەدا.

چاوەڕوان دەكرێت لە ئەگەری جیابوونەوەی ویلایەتی تەكساس لە ئەمریكا، ئەو ویلایەتە ئابوورییەكەی نزیكەی 1.6 ترلیۆن دۆلار بێت لەساڵێكدا بەوەش ریزبەندی 10 گەورەترین ئابووریەكانی جیهان دەگرێت.

بزووتنەوەی نیشتمانی تەكساس راشیگەیاندووە: نزیكەی 250 هەزار كەس پشتگیری ئەو جیابوونەوەیە دەكەن‌و بەشێوەیەكی رەسمی دەنگ بەوەدەدەن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جیاببنەوە.

لەمانگی نۆڤەمبەری رابردوودا ئەو بزووتنەوەیە شكستیهێناوە لەوەی راپرسی بكات بۆئەوەی تەكساس لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جیاببێتەوە.

شارەزایانی بواری دەستوور لە ئەمریكا تەئكیدیان لەوەكردووەتەوە كە تەكساس ناتوانێت لە ئەمریكا جیاببێتەوە، لەكاتێكدا زۆر ویلایەتی تر پلانی لەو جۆرەیان هەبووەو شكستیانهێناوە.

لەدوای ساڵی 1836 هیچ ویلایەتێك نەیتوانیوە جیابوونەوەی خۆی لە ئەمریكا رابگەیەنێت‌و ئەو كاتەش كە ویلایەتی ڤێرجینیا گیرۆدەی جەنگی ناوخۆیی بوو، شكستی هێنا لەهەوڵێكی لەو جۆرە.
Top