سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند
لە یەکەم کاردانەوەی دوای ئەنجامی گشتپرسییەکەی بەریتانیا، دەیڤید کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کە پشتگیری لە مانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەکرد دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکوەزیران راگەیاند.

دەیڤید کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە ئەنجامی گشتپرسییەکە کە لە رۆژی 23-6-2016 بەڕێوەچوو، رایگەیاند: "بەریتانیا گشتپرسی ئەنجامداو بەپێی ئەنجامەکانیش خەڵکی بەریتانیا بەزۆرینە دەنگیان بۆ جیابوونەوەی بەریتانیا داوە لە یەکێتی ئەوروپا".


سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد، سکۆتلاند، وێڵز و جەبەل تاریق، دەنگیان بۆ مانەوەی بەریتانیا داوە لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام ئەنجامەکە ئێستا ئەوەیە کە روویداوە و دەبێت رێزیش لەو ئەنجامە بگیرێت، هەروەها دەنگدەران هەڵوێستی خۆیان لەبارەی بەریتانیا داوە.

دەیڤید کامیرۆن گوتیشی" هەموو جیهان چاوی لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسییەکە بووە و مەبەستیان بووە ئەنجامەکەی بزانن، گشتپرسییەکە و ئەنجامەکە رووداوێکی سەیربووە، بەڵام دەبێت رێز لە ئیرادەی خەڵک بگیرێت، گۆڕانکاری لەبارەی کارکردن و گەشت بۆ دەرەوەی بەریتانیا و بۆرسەکان ناکرێت و وەک خۆیان دەمێننەوە، هیچ گۆڕانکارییەکیش لە یەکێتی ئەوروپا روونادات و وەک خۆی دەمێنێتەوە".


سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی" بەریتانیا بەمانەوەی لە یەکێتی ئەوروپا خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزتر دەبوو، هەروەها من دەمەوێ پێتان بڵێم، من وەک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تەنیا سێ مانگی دیکە لەکارەکانم بەردەوام دەبم و دواتر دەستلەکاردەکێشمەوە و داوادەکەم کە کەسیكی دیکە وەک سەرۆکوەزیران دەستنیشانبکرێت".


رووداو
Top