ئۆباما نیگەرانە لەبڕیارێكی دادگای باڵای وڵاتەكەی لەسەر پرسی كۆچبەران
بەپێی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ دادگای باڵای ئەمریكا بە 4 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 4 دەنگی نەخێر لە بڕیارێكدا تەگەرەی خستەبەردەم پلانێكی ساڵی 2014ی باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی كۆچبەرانی نایاسایی لەوڵاتەكەی.
بەپێی پلانەكەی ئۆباما، ئەو كۆچبەرە نایاساییانەی لەساڵی 2010 وە لە ئەمریكا دەژین و ژمارەیان بە 11 ملیۆن دەخەمڵێنرێتو تاوانیان ئەنجامنەداوەو لەئەمریكا منداڵیان بووە یان مافی مانەوەی هەمیشەیی یاساییان هەیە، نابێت بخرێنە چوارچێوەی بەرنامەیەكەوە كە بەزۆر بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
ئۆباما ئەمشەو لەكۆشكی سپی لەبارەی بڕیارەكەی دادگای باڵای وڵاتەكەیەوە وتی"بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە سیستمی كۆچكردنی ئێمە تێكشكاوەو ئەو ڕاستیەی كە دادگای باڵا ئەمڕۆ نەیتوانی لەو بارەوە بڕیارێك دەربكات نەك تەنها پاشەكشە بە سیستمەكە دەكات بەڵكو دوورترمان دەخاتەوە لەو وڵاتەی كە ئێمە هیوای بۆ دەخوازین بەوشێوەیە بێت".
بڕیارەكە لەكاتێكدا دێت كە ماوەی سەرۆكایەتی ئۆباما تەنها حەوت مانگی ماوەو بە نوێترین سەركەوتنی پارتی كۆمارییەكانی ڕكابەر بەسەر پارتی دیموكراتەكانو دەستپێشخەریی سیاسەتێكی سەرەكیی سەرۆكێكی دیموكراتەكان لەقەڵەمدەدرێت.
هەروەەها بڕیارەكە گەرەنتییەكە كە كۆچ وەكو بەشێكی سەرەكی كەمپینی پێش هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەمێنێتەوە كە وابڕیارە هەڵبژاردنەكە لە 8ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت.
ئۆباما مانگی تشرینی دووەمی 2014 پلانەكەی لەبارەی كۆچبەرانەوە ئاشكراكردو دەستبەجێ لەلایەن حاكمی ویلایەتی تەكساسی سەربە پارتی كۆمارییەكانو 25 ویلایەتی دیكەوە بەربەستی بۆ دروستكراو نەیارانی پلانەكە مشتومڕی ئەوەیانە كە ئۆباما دەسەڵاتە سەرۆكایەتییەكانی خۆی تێپەڕاندووە لەڕێگای گرتنەبەری بڕیارێكی حكومیو تێپەڕاندنی كۆنگرێسی ئەو وڵاتەوە.
ئۆباما لەوتارەكەی ئەمشەویدا وتی"من پێموایە ئەم وڵاتە شایستەی سیاسەتێكی كۆچە كە ئاوێنەی چاكەخوازیو باشی گەلی ئەمریكا بێت، پێموایە ئێمە دەتوانین ئەوە بهێنینەدیو هیوامان وایە لە مانگی تشرینی دووەەمی ئەمساڵدا ئەوە بهێنینەدی".
