لە تاران دوو كرێكاری کورد گیانیان لەدەست دا
ھەواڵدەریی (دانا)، بڵاوی كردووەتەوە؛ پاشنێوەڕۆی دوێنێ یەكشەممە لە كاتی ھەڵكەندنی زەوی و ھەڵگرتنەوەی خاكی پڕۆژەیەک، لە یەكێك لە زەوییەكانی شاری تارانی پایتەختی ئێران، دوو كرێكاری کورد بەهۆی داڕمانی شاخێکەوە كەوتوونەتە ژێر بەرد و دەستبەجێ گیانیان لەدەست دا.
محەمەد عەزیز مەنووچێھری و موختار عەزیزی ناوی ئەو دوو کرێکارە کوردەن و هەردووکیان خەڵكی شاری ڕوانسەری سەر بە پارێزگای کرماشان بوون کە لە تاران و لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەست دا.
دوای ڕووداوەكە ھێزەكانی مانگی سوور و تیمەكانی فریاكەوتن گەیشتنە شوێنەكە و تەرمی دوو كرێكارەكەیان لەژێر خاك ھێنایە دەرەوە و گەیاندیانە پزیشکی دادوەری تاران.
بەگوێرەی ئامارەکان لە دوو مانگی ڕابردوودا 15% ئاماری کرێکارانی بریندار لەچاو ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە، بەم پێیەش تەنیا لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 184 كەس كەیسی پزیشكیان لە دادوەری یاسایی بۆ كراوەتەوە کە لەو ژمارەیە 163 كەسیان پیاو و 21 كەسیان ئافرەت بوون".
ساڵانە لە كوردستانی رۆژهەڵات بەھۆی بارودۆخی سەختی كاركردنەوە ژمارەیەكی زۆری كرێكاران، گیان لەدەست دەدەن، یان ئازاریان پێدەگات یان لەماوەی كار كردنیان بریندار دەبن.
باسنيوز
