پنتاگۆن نیگەرانی توندی خۆی گەیاندە مۆسکۆ لەسەر هێرشی فڕۆکەکانی لهسوریا
لەڤیدیۆ کۆنفڕانسێکی تایبەتدا، بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا نارەزایی و نیگەرانیی خۆیان لەبارەی هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ناوچەی ئەلتەنف گەیاندە رووسیا، کە لە ئێستادا ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزانەی سەر بە سوپای ئازاد-دایە کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دژی رێکخراوی داعش لە سوریادا پشتیوانییان دەکرێت.
پیتەر کوک، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەدوای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەکە رایگەیاند، کە ژمارەیەک لەو هێزانەی هێرشیانکراوەتەسەر بەشداریی راگرتنی گرژییەکانی سوریایان کردووە.
وتیشی "پنتاگۆن جەختی کردووەتەوە لەوەی، کە ئەم نیگەرانییانە لە دانیشتن و گفتوگۆ دیبلۆماتییەکانی داهاتووی تایبەت بە راگرتنی گرژییەکانی سوریادا باسدەکرێنەوە".
ئەو هێزانەی لە ناوچەی تەنف لەلایەن رووسیاوە هێرشیانکراوەتە سەر، سەر بە سوپای سوریای نوێ بوون، کە لە یەکێک لە کەمپەکانی هاوپەیمانان لە ئوردن، لەلایەن بەریتانیا و ئەمریکاوە راهێنانیان پێکراوە و لە کاتی هێرشەکەدا لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری هێزە عەشایەرییەکانی عیراقدا بۆ ئەنجامدانی هەماهەنگی دژی رێکخراوی داعش لە عیراق و سوریادا کۆبوونەتەوە، ئهوهش بەپێی فرانس پرێس.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا پێنج شەممەی رابردوو 16ی (حوزەیران/6) رایگەیاند، ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نەکردووەتە ئامانج، کە بەشداریی راگرتنی گرژی وڵاتەکەیان کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە هێرشەکەی ئەل-تەنف بکات، کە دواتر نیگەرانیی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکای بەدوایدا هات.
سوپای سوریای نوێ (NSA)، لە ژمارەیەک ئەفسەر و سەربازی پێشووی هێزە تایبەتەکانی بەشار ئەسەد پێکهاتووە و ئێستا بەرگری لە باشوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دهكهن و دژی داعش و ئەسەد شەڕدەکەن.
پیتەر کوک وتیشی "لەبارەی سەلامەتییەوە، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە ڤیدیۆ کۆنفڕانسەکەدا ئاماژەیانکردووە بەوەی، کە هێرشی بەردەوامی روسیا لە ئەل-تەنف، تەنانەت دوای هەوڵەکانی ئەمریکا لەرێگەی کەناڵە تایبەتەکانی پشتیوانیی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە، نیگەرانییەکی زۆری بۆ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانێتییەکە دروستکردووە".
بە وتەی ناوبراو، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا داوایان لە رووسیا کردووە وەڵامی نیگهرانییهكانیان بداتەوە و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکانیان بەشێوەیەکی سەلامەت و کەمکردنەوەی ئەگەری رووداوی نەخوازراو و لێکتێنەگەشتنیان لە ئاسمانی سوریادا کردووەتەوە.
لە مانگی ئاداردا، سوپای سوریای نوێ، خاڵی سنوریی ئەل-تەنف یان (کە لە عیراق بە ئەل-وەلید ناسراوە) لە سنوری سوریا کۆنترۆڵکرد، ئەم ناوچەیە خاڵێکی گرنگی سنورییە لە نزیک عیراق و ئوردن و سوریا.
