سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بۆ محەممەد مورسی دەرکرا
رۆژی شەممە 18-6-2016 دادگای میسر سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ محەممەد مورسی سەرۆککۆماری پێشووی ئەو وڵاتە دەرکرد، هاوکات سزای لەسێدارەدانی بۆ شەش کەسی دیکەش دەرکرد، کە دووانیان رۆژنامەنووسی کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەرین.
ئەو تۆمەتەی درابووە پاڵ مورسی بریتی بوو لە: پێدانی زانیاری نهێنی میسر بە وڵاتی قەتەر، بەڵام ئەو سزایەی کە بۆی دەرکرا، بەهۆی سەرکردایەتیکردنی رێکخراوێکی نایاسایە لە میسر لەلایەن محەممەد مورسییەوە.
محەممەد مورسی لە ساڵی 2013 لە رێگەی کودەتاوە لەسەرکارلادرا، پێشتریش لەسەر کەیسێکی دیکە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
بڕیارەکەی دادگای میسر دەکرێت لەلایەن پارێزەری مورسی و رۆژنامەنووسەکانی کەناڵی ئەلجەزیرەوە رەتبکرێتەوە و داوای پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
محەممەد مورسی، لە ساڵی 2011 لە ئەنجامی راپەرینی خەڵکی ئەو وڵاتە لە دژی حکومەتی حوسنی موبارەک و دەستلەکارکێشانەوەی موبارەک، هاتە سەر دەسەڵات، دواتر لە هەڵبژاردنێکی گشتیدا بووە سەرۆککۆمار و، لە ساڵی 2013-یشدا لەسەر کار لادرا و عەبدولفەتاح سیسی بووە سەرۆککۆمار.
لە ساڵی 2013 و دوای هاتنە سەرکاری سیسی، تەواوی چالاکییەکانی رێکخراوی ئیخوان موسلیمین قەدەخەکرا و، پارتەکەش بووە پارتێکی نایاسایی لەو وڵاتدا.
رووداو
