ئاماری بێکاری لە ئێران پەرلەمانتارانی هەژاند
ئەمڕۆ دووشەممە (6.6.2016) پەرلەمانی ئێران، لەسەر دۆخی هەژاری لە ئێراندا عەبدوڵڕەزا ڕەحمانی فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەی بەمەبەستی وەڵامدانەوە بانگێشت کرد و ئەو وەزیرش ئامارێکی خستە بەردەم پەرلەمانتاران کە هەموانی تووشی سەرسۆڕمان کرد."
وەزیری ناوخۆی ئێران گوتی: "11 ملیۆن پەراوێزنشین لە ئێران ھەن کە لەو پەڕی هەزاری دان و لە 2700 شوێنی پەراوێزی شارەكانی ئەو وڵاتەدا دەژین".
سەبارەت بە ئاماری بێکاری لە ئێران، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە لە پەرلەمان گوتی: "3 ملیۆن 500 ھەزار بێكار لە ئێراندا ھەن کە 60%ی ئەو بێكارانە لە پارێزگاکانی سەر سنوورەكانن"، بەو پێیە پارێزگاکانی کوردستانی رۆژهەڵاتیش دەگرێتەوە.
ڕەحمانی فەزڵی، ئاماری تەڵاقی لە ئێران ئاشکرا کرد و گوتی: "نزیكەی 40%ی ھەموو ھاوسەرگیرییەكان لە ئێران چارەنووسیان بەرەو تەڵاق دەڕوات".
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی ئێران، نزیكەی دوو ملیۆن گیرۆدەی مادەی ھۆشبەر لە ئێران ھەن، هاوکات 60%ی بەندكراوانی ئێرانیش بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بەند کراون.
باسنيوز
